Accessibility links

کردنەوەی "گرێ کوێرەکان" بۆ عەلاوی قورسن


بڕیارە ڕۆژی یەکشەمە، پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی متمانەدان بە کابینەی حکومەتەکەی محەمەد عەلاوی کۆببێتەوە، بەڵام هێشتا گرێ کوێرەی کێشەکانی نێوان عەلاوی و زۆربەی کوتلەکان نەکراوەتەوە، ئەمەش ناوبراوی لە"شکست هێنان"لە پێکهێنانیکابینەکەی نزیک کردۆتەوە.

خراپی دۆخی عەلاوی و ئەگەری شکست هێنانی لە کابینەی نوێی حکومەت، پەیوەندی بە نیگەرانبوونی کورد و سونە و دژایەتیکردنیەوە هەیە لەلایەن بەشێک لەلایەن شیعیەکانەوە.

ئێران و هەندێک لە لایەنە شیعیەکان بەچڕی لەسەر خەتن و تاوتوێی ئەگەری سەرگرتن یاخود شکستهێنانی کۆبوونەوەکەی سبەینێ دەکەن، بۆیە گەر دڵنیابن متمانەدان بەعەلاوی شکست دێنێت، ئەوا رەنگە دانیشتنەکە ئەنجام نەدرێت.

ئەگەری شکست هێنانی عەلاوی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و متمانەوەرنەگرتنی لەلایەن پەرلەمانەوە، بۆ "خراپی" مامەڵەی ناوبراو لەگەڵ کوتلەکاندا دەگێڕدرێتەوە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە جگە لەکورد و سونە کە تائێستا عەلاوی رەتدەکەنەوە، شیعەکانیش دابەش بوون، بەشێکیان دەنگ بە عەلاوی نادەن، وتی"رەنگە عەلاوی شکست بێنێت."

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، زۆرینەی لایەنەکانی کورد و سونە نیگەرانن لە مامەڵەی عەلاوی و پێیانوایە "لوت بەرزانە"مامەڵەی لەگەڵ کردوون، بۆیە گەر تا 24 کاتژمێری داهاتوو، رێککەوتنی نوێ نەکرێت، ئەوا متمانە بە عەلاوی نادەن.

لەپاڵ نیگەرانی کورد و سونەدا، بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق لە خیتابی سیاسی عەلاوی نیگەرانن و رەنگە لەکاتی دەنگداندا تۆڵەی لێ بکەنەوە، بەتایبەت کاتێک عەلاوی پەرلەمانتارانی پۆلێن کرد بەوەی "شەریفەکان"دەنگی پێدەدەن و ئەوانیتر لە "ترسی سزای یاسایی"رەتیدەکەنەوە.

هۆشیار عەبدوڵای پەرلەمانتار، نەیشاردەوە کە لێدوانەکانی عەلاوی کاردانەوەیان دروستکردووە، وتی"عەلاوی هەندێک تەنازولاتی کردووە، نازانرێت تەنازولاتەکان فریای دەکەون یان نە."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئێرانیەکان لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی موقتەدا سەدر توڕەو نیگەرانن، پێیانوایە ئەو دۆخە سیاسیەکەی شڵەقاندووە، کاتێک پشتگیری عەلاوی کردووە و هێرشی کردۆتە سەر لایەنەکان.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار کەداوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"شیعەکان گەر بزانن لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا شکست دێنن، ئەوا رەنگە دانیشتنەکە دوابخەن و کەسێکی تر کاندید بکەن."

هاوکات هۆشیار عەبدوڵا، ئەوەی پشتراستکردەوە کە باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا و بەریتانیاو وڵاتان هاتوونەتە سەرخەت، وتی"گەر سبەینێ دانیشتنەکە شکست بێنێت، ئەوا رەنگە مەسەلەی کوتلەی گەورە جارێکی تر بهێنرێتە ئاراوە."

دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق، 24 کاتژمێری ماوە، گەر عەلاوی و پشتیوانەکانی لە موناوەرە سیاسیەکانیان سەرکەوتوو بن و لایەنە ناڕازیەکان، ڕازی بکەن، ئەوا حکومەت پێکدەهێنرێ، بەپێچەوانەوە چانسی عەلاویش دەسوتێت و کۆتایی دێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:57 0:00


XS
SM
MD
LG