ڕۆژی شەممە چین ڕایگەیاند حاڵەتەکان ڤایرۆسی کۆرۆنا و مردن بەهۆیەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لە وڵاتەکەدا کەمبۆتەوە، بەڵام کاربەدەستانی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدەن هێشتا زۆر زووە پێشبینی لەسەر ڕەوشی نەخۆشییەکە بکەن لە کاتێکدا حاڵەتی زۆرتر لە وڵاتانی تردا بەدی دەکرێن.
کاربەدەستانی چین دەڵێن ڕۆژی هەینی 397 حاڵەتی نوێ پشتڕاست کرابوۆوە ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ 889 ڕۆژێک پێشتر زۆر کەمتر بوو. ژمارەی حاڵەتەکان لە شوێنەکانی تر زیادیان کردووە لە ناویاندا کۆریای باشور، ئێران، ئیتالیا و لوبنان.
لە کۆریای باشور کاربەدەستان ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند ژمارەیئەو کەسانەی کە توشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتۆتە 433 لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت زۆر زیاتر بێت چونکە زیاتر لە هەزار کەسی کە چووبونە کلێسایەکی نێوەندی شوێنی نەخۆشیەکە نیشانەکانی ئەنفلوانزا تیایاندا دەرکەوتووە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی خۆشحاڵی بەرامبەر ئەو ڕاپۆرتەی چین دەربڕی کە ئاماژە بە کەمبوونەوەی حاڵەتەکان دەکات، بەڵام دەشڵێت نیگەرانی لەمەڕ حاڵەتەکان لە شوێنەکانی تری جیهاندا هەیە بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە پەیوەندییەکی هاتوچۆی ئەوتۆی لەگەڵ چین تیادا نییە.
بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروسستی جیهانی تێدرۆس گابریۆس دەڵێت " گەورەترین نیگرانی ئێمە لەسەر شیانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نوێیەیە لەو وڵاتانەی کە سیستمێکی پەتەوەی تەندروستیان نییە."
ئەو ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 675 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ پشتیوانی کردن لەو وڵاتانەی کە شیانی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکەی تێدا هەیە بە تایبەتی 13 وڵاتی ئافریکایی کە پەیوەندیان بە چینەوە هەیە.
تێدرۆس دەڵێت هەتا ئێستا چین 75 هەزار و 596 حاڵەتی بە فەرمی تۆمار کردووە و 2 هەزارو 239 کەسیش مردوون. بە پێی ئامارەکان ڤایرۆسەکە لە ٪80 ی حاڵەتەکاندا سوک بووە و ٪20 بەسەختی گرتوویانە و ٪2 یش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەو ڤایرۆسە لە نزیکەی 26 وڵاتی جیهاندا بڵاو بۆتەوە و بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز 13 کەس لەدەرەوەی چین بەهۆیەوە مردوون.