Accessibility links

ناڕەزایی هەندێک لە ئەمەریکایـیەکان لە بەرامبەر بێتاوانکردنی سەرۆک ترامپ لە سینات


دوای ئەوەی ئەنجومەنی سیناتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا رۆژی چوارشەممەی رابردوو بێتاوانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی لە کەیسی تۆمەتبارکردنەکەی راگەیاند، ژمارەیەکی کەم لە هاوڵاتیان لە شارە گەورەکانی وڵات گردبوونەوەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بێتاوان ناساندنی سەرۆک ترەمپ.

دوای دەنگدانەکەی ئەنجومەنی سینات و بێتاوان ڕاگەیاندنی سەرۆک ترەمپ لە دوو تۆمەتی یەکەم خراپی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی و دووەم کۆسپ و تەگەرە خستنە بەردەم کۆنگرێس، خۆپـیشاندەران لە دەرەوەی تەلاری کۆنگرێس لە واشنتنی پایتەخت گردبوونەوە و سەرکۆنەی دەنگدانەکەی سیناتیان کرد و داوای لابردنی سەرۆک ترەمپیان لە دەسەڵات کرد، هەروەها ئامادەبووان دروشمیان بەرزکردبووەوە. دەیانگوت" بەبێ ئامادەبوونی گەواهدەران و بەڵگەکانی پشتیوانی ، ئەو دادگایە و دەنگدانەی ئەنجومەنی سینات پرۆسەیەکی روواڵەتی بوو" هەروەها ئەندامانی کۆماری ئەنجومەنی سیناتیان بە پەردەپۆشکردنی بەڵگەکان تۆمەتبارکرد.

خۆپیشاندەران لە شاری نیویۆرک هەمان هەستو ناڕەزاییان دەڕبڕی و کۆماریـیەکانی ئەنجومەنی سیناتیان بە ترسنۆک لە قەڵمدا و گوتیشیان ئێمە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی ئەمساڵدا ئەم رەفتارانەی کۆماریـیەکانمان لەیاد دەبێت.

لە شاری سان ئەنتۆنیۆی ویلایەتی تەکساس ژمارەیەکی کەم بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوەی ناڕەزاییان دژ بە راگەیاندنی بێ تاوانی سەرۆک ترەمپیان ئەنجامدا. بە هەمان شێوەش لە بۆستن و فیلادیڵفیا و شیکاگۆ گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

دەنگدانەکەی ئەنجومەنی سینات بۆ بە فەرمی تاوانبارکردنی سەرۆک ترەمپ زۆر کورتی هێنا بۆ ئەوەی بتوانێت دوو لە سەر سێی زۆرینە لە کۆی سەد کورسی سینات بەدەست بێنێت بۆ لابردنی سەرۆک بە گوێرەی دەستور.

دەنگدانەکەی سینات بە 52 دەنگ بەرامبەر 48 دەنگ سەرۆک ترەمپی بێ تاوان دانا لە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ئەوەی سەرچاوەی لەو داوایەی سەرۆک ترەمپەوە گرتبوو کە تێدا داوای لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردبوو لێکۆڵینەوە لە نەیارە سیاسیەکەی جۆ بایدن رکەبەری سەرۆکایەتی بکات، واتە ئەو کاندیدەی دیموکراتەکان کە لە هەڵبژاردنی 3 ی مانگی یازدەدا لە بەرامبەر سەرۆک ترەمپدا رادەوەستێت. سیناتۆری کۆماری میت رۆمنی دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی دیموکراتەکان و دژ بە سەرۆک ترەمپ دەنگی دا. هیچ ئەندامێکی دیموکرات دەنگی بۆ بێ تاوانی سەرۆک ترەمپ نەدا.

XS
SM
MD
LG