Accessibility links

سەرۆک وەزیرێکی نوێ بۆ عێراق ڕادەسپێردرێت


محەمەد عەلاوی وەزیری پێشوی پەیوەندییەکان ڕۆژی شەممە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیری نوێی عێراق دەستنیشان کرا و جێگەی عادل عەبدولمەهدی دەگرێتەوە کە لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران دەستیلەکار کێشایەوە.

ئەم هەنگاوەش ڕەنگە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو دەستەبژێرە سیاسییەی عێراق کە نەیانتوانیوە وەڵامی خۆپیشاندانەکانی چوارمانگی ڕابوردووی دژ بە حکومەت لە بەغداو و باشوری عێراق بدەنەوە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی شەممە لە تۆڕی تویتەر بڵاوی کردۆتەوە عەلاوی تەمەن 65 ساڵ دەڵێت سەرۆک بەرهەم ساڵح دەستنیشانی کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و ئەو ئەرکی خۆی بۆ پرۆسەکە بەجێ دەگەیەنێت.

محەمەد عەلاوی، ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیری نوێی عێراق لە وتارەکەیدا بۆ گەلانی عێراق داوا لە خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی دەکات تا بەردەوام بن لە دەربڕینی ئاشتیانەی ناڕەزایەتیەکانیان و دەڵێت "دوای ئەوەی فەخامەتی سەرۆکی عێراق پێش ماوەیەکی کورت ڕایسپاردم بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بڕیارمدا بەر لە هەموو شتێک لەگەڵ ئێوەدا بدوێم، پێش ئەوەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا بدوێم، چونکە دەسەڵاتی من لە ئێوەوەیە، ئێوە بە گشتی و بە تایبەتیش ئەگەر قوربانیدان و ئازایەتی ئێوە نەبووایە، هەرگیز گۆڕانکاری لە وڵاتدا نەدەهاتە ئاراوە. ئاگادارم لەوەی پشوودرێژیتان زۆر بوو، بەڵام من بڕوام پێتانە و هەربۆیەشە داوایەکتان لێدەکەم کە بەردەوام بن لە خۆپیشاندان، چونکە گەر ئێوەم لەگەڵدا نەبن ئەوا ناتوانم هیچ شتێک بکەم."

سەرۆک وەزیری ڕاسپێردراو لە وتارەکەشیدا ئاماژەشی بەوەکردووە کە تا چەند خولەکێک بەر لە ڕاسپاردنی بۆ پۆستە نوێیەکەی تەنها هاوڵاتییەکی ئاسایی بووە و شانازی کردووە بە هەموو هەوڵەکانی خۆپیشاندەرانی عێراقی و دەڵێت "لە ئێستا بەدواوە من فەرمانبەرێکم لای ئێوە و ئەمانەتێکی گەورەتان پێداوم، بۆیە پاشەکشە نەکەن تا ئەوکاتەی ئەوەی دەتانەوێت بە دەستیدەهێنن، جا ئەگەر من یان کەسێکی تر لەو پۆستەدابوو، خۆپیشاندان بکەن، هاوار بکەن، ناڕەزایی دەرببڕن، ئەمە وڵاتی خۆتانە و ئەمە مافی خۆتانە و ئەوەش کە لە ئەستۆی ئێمەیە جێبەجێکردنی داواکانتانە، پێویستە بتانپارێزین وەک لەوەی سەرکوتتان بکەین، پێویستە چەکی دەوڵەت لە بەرامبەر ئەوانەدا بەرزبکرێنەوە کە چەکیان دژی ئێوە بەکارهێناوە، بمێننەوە تا ئەوکاتەی لێپێچینەوە لە بکوژان دەکەین، تا ئەو کاتەی قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان دەکەینەوە و بریندارەکان چاک دەکەینەوە و هەڵبژاردن دەکەین، یاسای لایەنە سیاسییەکان دادەڕێژین و پرسی ئەمەت لەکوێ بوو دەخەینە بەر باس، تا ئەو کاتەی شکۆی هێزە ئاسایشیەکان دەگێڕینەوە و ئابوری دەبوژێنینەوە و بەرەنگاری گەندەڵی دەبینەوە."

محەمەد عەلاوی لەم یەکەم وتارەیدا بۆ گەلی عێراق ئاگاهی دەدات بە لایەنە سیاسییەکانیش و دەڵێت ئەگەر بێتوو لایەنە سیاسییەکان کاندیدێکی خۆیان بسەپێنن بۆ هەر پۆستێک لە حکومەتەکەیدا ئەوا دەگەڕێتەوە بۆلای خەڵک و دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت و دەڵێت "هەر وەک ئەوەی ئێوە چۆن وازتان لە خوێندنی خۆتان هێنا لە پێناو نیشتماندا، منیش ئاوەها ئەو ڕاسپاردنە ڕەت دەکەمەوە و دەبمەوە بە هاوڵاتییەکی ئاسایی و ویژدانی خۆم ئاسودە دەکەم. لە کۆتاییشدا دەڵێم ئێوە نیشتمانتان دەوێت و ئەگەر منیش داواکانتانم جێبەجێنەکرد، ئەوا یانی شایستەی ئەم پۆستە نیم."

سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح لە هەفتەی ڕابوردوودا هۆشداری دا بە لایەنە سیاسییەکان کە ئەگەر تا ڕۆژی شەممە لەسەر کاندیدێک ڕێکنەکەون ئەوا خۆی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستنیشان دەکات.

XS
SM
MD
LG