Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ڕژێمی ئێران لەنێو بەرداشی ناوخۆیی و دەرەوەییدا


لەناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هەروادێ و شەپۆلی ناڕەزاییەکان گەورەتر و فراوانتر دەبن بە ئەندازەیەک کە دەکرێت بگوترێت دەبنە ئەو جۆرە ناڕەزایی و بێزاریانەی فرە ڕەهەندن.

ئەگەرچی پێشتر وەها باس دەکرا هۆکارەکانی ئەم ململانێ قوڵەی نێوان دەسەڵاتی ستەمکار و گەلانی ئێران پەیوەندییان بەو بارە نالەبارەی بژێوی خەڵک و بەرەو داڕمان چوونی ئابوری ئێران و گەندەڵییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە، بەڵام لە ئێستادا هۆکارێکی تری گرنگیش دەبینرێت کە پەیوەندییەکی ڕاستەخۆی بە سیاسەتی دەرەوەیی ئێرانەوە هەیە.

ئەڵبەت ئەمانە بێ لەو ناکۆکییە قوڵانەی لەناو خودی دەسەڵاتی ئێراندا هەن لە پەیوەندی بەوەی بە بەرەی کۆنەپارێزان و بەرەی ڕیفۆرمخوازان ناودێر دەکرێن.

پێشتر ناڕەزاییەکانی خەڵک لە ئێران لە چوارچێوەی سنورێکی دیاریکراودابوون، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، وێڕای سەرکوتکردنە دڕندانەکانی ڕژێمی ئێران، ڕووبەری خۆپیشاندانەکان زیاتر و زیاتر دەبوون و شار و شارۆچکەی زیاتریشی گرتنەوە، هەروەهاش هەر جارە و دروشمی خۆپیشاندەرانیش دەگۆڕدران تا گەیشتە ئەوەی نەک هەر دژی ڕژێمی ئێران بەڵکو دژی خودی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دروشمی بڕوخێ دەگوترانەوە.

زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان پەیامی گەلانی ئێران گەیشتۆتە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە، وەلێ وەها خۆیان نیشان دەدەن کە مەبەست و داخوازییەکانی خەڵک بۆ ئەوان نییە.

لێرەوە دەگەینە ئەو بەرەنجامەی بێ لە قەیرانی ئابوری، ڕەوایی دەسەڵاتدارانی ئێران بەشێکی گەورەی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەیە کە زیاتر لە چل ساڵە ئێران بەڕێوەدەبەن.

ئەحمەد ئەسکەندەری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
ئەحمەد ئەسکەندەری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

ڕژێمی ئێران، هەر هیچ نەبێت تا ئێستا داهاتێکی زۆری وڵاتەکەی خستبووە خزمەت سیاسەتەکانی لەو وڵاتانەی بە بەشێک لە ستراتیژیەتی خۆی دادەنێت وەک لوبنان و عێراق و سوریا و یەمەن و ژمارەیەک وڵاتی تریش کە کەم تا زۆرێک ئێران ڕۆڵ و کاریگەریی هەیە تیایاندا. بەشێک لە دروشمەکانی خۆپیشاندەرانی ئێران داواکردن بوون تا ڕێبەرانی وڵاتەکەیان دەستەرداری ئەو جۆرە سیاسەتە ببن کە بێجگە لە وێرانە ماڵ هیچی تری پێنەبووە بۆ گەلانی ئێران.

ئەڵبەتە لە باسکردنی وڵاتێکی وەک ئێران ناکرێت سزاکان و گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە نادیدە بگیرێن. ئەم سزایانە کە بەهۆی ڕەفتارە شەڕانگێزییەکان و بەرنامە ناوکییەکەی ڕژێمی ئێرانەوە سەپێندراون، دەسەڵاتدارانی ئێرانیان ئیفلیج کردووە لەوەی بتوانن چارەسەرییەک بۆ کێشەکانی خەڵک بدۆزنەوە و توڕەیی و ناڕەزایی خەڵک هێور بکەنەوە.

لە ئێستادا گەلانی ئێران بە ڕوونی و ئاشکرایی دەبینن لە هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و حکومەتییشدا بە دامەزراوە خۆجێیەکانی ئێرانیشەوە، نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەیان نییە و دەشزانن ناتوانن هیوایەکی تۆکمە لەسەر هەڵبژاردنەکانی ناو کۆماری ئیسلامی هەڵچنن.

لە ساڵی 2009 کاتێک خۆپیشاندانەکان دەستیانپێکرد، ڕەهەندی سیاسی ناوخۆیی ئێرانی هەبوو، بەشێک بوو لەو ململانێیانەی لە نێوان کۆنەپارێزان و ڕیفۆرمخوازەکاندا بوو. ئەم دوو بەرەیە وەک دەگوترێت ناکۆکن لەسەر شێوازی فەرمانڕەوایەتی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیانەوە بەڵام هەردوو لا کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە ئێران دەوڵەتی ویلایەتی فەقێ بێت و لە دەمی سوێندخواردنە یاساییەکانیشیاندا سوێند دەخۆن بۆ پاراستن و کارکردن بە دەستوری ئێران. هەر بۆیە کەم نین ئەوانەی لەوبڕوایەدان ئەوەی لە نێوان ئەو دوو بەرەیەدا دەگوزەرێت سیناریۆیەکی تایبەتی دەوڵەتی ئێرانە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و گردکردنەوەی دەنگە ناڕەزاکان لەو بەرەیەی بە ڕیفۆرمخواز ناودێر دەکرێت.

ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتیەی لە ساڵی 2018 دا دەستیپێکرد، شەقامی ئێرانی خاوەنی بوو نەک لایەنێکی سیاسی، هەربۆیە ڕژێمی ئێرانیش ترس و نیگەرانییەکی قوڵ دایگرتووە، چونکە ناتوانێت بەجارێک بەرەنگاری هەموو شەقامی ئێرانی ببێتەوە. ڕژێمی ئێران پەنای بردۆتە بەر سەرکوتکردنێکی دڕندانە، ئەمەش دادی نەداوە چونکە ناڕەزایی خەڵک زۆر لەوە گەورەترە کە ڕژێمێکی وەک ڕژێمی ئێران درکی پێبکات.

هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت، هیچ گوتارێکی سیاسی لە ئارادا نییە تا وەکو نیشانەیەک لێی بڕوانرێت کە لایەنێک ڕێبەرایەتی ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە دەکات، بە دووریش نازانرێت ڕێبەرانی ئێران نەبوونی ئەم وتارەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنابێت.

ئەگەرچی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە دەخوازن وەبەرهێنان لەو شەپۆلی ناڕەزایەتییەی ئێراندا بکەن، بەڵام وڵاتیش هەن پشتیوانی لە ڕژێمی ئێران دەکەن و پشتیان کردۆتە داواکانی گەلانی ئێران.

دەمێک ساڵە، ئێران خۆی بە سەرکردەی وڵاتانی ئیسلامی دادەنێت و هەروەهاش بە پارێزیاری کۆمەڵگەی شیعەکانیش جا لە هەر وڵاتێکدا بن. سیاسەتی دەرەوەیی ئێران لەسەر بنچینەی شیعەگەراییە و لەو وڵاتانەشدا کە شیعەی تیادان، ئێران کاری خۆی کردووە بۆ تۆکمەکردنی پێگە و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی خۆی. لە پازدە بۆ بیست ساڵی ڕابردوودا پێگەی ئێران لە وڵاتەکانی وەک لوبنان و عێراق و سوریا و یەمەن، بە ئەندازەیەک زۆر بووە کە دەکرێت بگوترێت هەرچ دۆسێیەکی سیاسی و ناوخۆیی هەر یەکێک لەو وڵاتانە گەر بە تاراندا ڕەت نەبووبن، ئەوا نەتوانراوە بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر بدرێت.

شیکەرەوە لەوبڕوایەدان شەپۆلی ناڕەزایی لە ئێراندا کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت بەسەر تارانەوە لە هەموو ئاستەکاندا، لەو سۆنگەیەوەی ڕەوایی ناوخۆیی وڵاتێک، دەرفەتی گەورە دەڕەخسێنێت بۆ کاریگەری ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی ئەو ناوچەیەی تیایدایە و هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش، هەر ئەو ڕەواییە ناوخۆییەشە وڵات بەهێز دەکات بەرامبەر تەواوی نەیارەکانی و ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

ئایا سروشتی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران هەر لە چوارچێوەی کێشە ئابوریەکاندایە؟

ئایا شەپۆلی ناڕەزایەتی لە ئێراندا هیچ گۆڕانکارییەک بە دوای خۆیدا دێنێت لە ڕژێمی ئێراندا؟

ئایا فشارەکانی خەڵک لە ئێران دەبنە مایەی گۆڕینی ڕەفتار و سیاسەتی دەرەوەیی ئێران؟

ئەحمەد ئەسکەندەری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:49 0:00
XS
SM
MD
LG