Accessibility links

دیموکراتەکان ڕووبەڕووی مەترسی و سنووردارکردنی هەوڵەکانیان دەبنەوە بۆ لەکارخستنی سەرۆک ترامپ


ئاستەنگەکان هەتا دیات زیاتر ڕوون دەبنەوە بۆ دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کە دۆسێکانی دژ بە سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەخەنەڕوو لەو کاتەی بۆ دووهەم ڕۆژە ئەو دادگاییکردنە مێژووییە لە سینات بەڕێوە دەچێت.

ئەو بەڵگانەی ڕووبەڕووی ترامپ دەبنەوە چەندێک بەهێز بن، لە هێشتا ئەو کاریگەرییەی لەسەر ڕای گشتی نییە چونکە جار هەمان شت دەوترێتەوە و ڕۆژانە باس دەکرێنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن نەک تەنها سیناتۆرکان قائیل بکەن بەڵکو لەم ساڵی هەڵبژاردنەدا پێویستە ڕایگشتیش قەناعەت پێبهێنن لە کاتێکدا شەقامی ئەمەریکایی بەتەواوەتی لەسەر دۆسێی ئیمپیچکردنی ئەو سەرۆکە کۆمارییە دابەش بوون.

ئەو تیمەی لەلایەن ئادەم شێف بەرپرسی کۆمیتەی زانیارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت هەوڵی داوە هەمو زانیارییەکانی پەیوەست بە فشارە سیاسییەکانی ترامپ بۆ سەر ئۆکرانیا و هەوڵەکانی بۆ شاردنەوەی بخاتە ڕوو. بەڵام سنوورەکان دیارن. داواکارانی گشتی پێویستە پشت بە گرتەی ڤیدیۆیی دانپیانانەکانی، باڵیۆزەکان، کاربەدەستانی ئاسایشی نیشتمانی و تەنانەت خودی سەرۆکیش ببەستن، پاش ئەوەی هاوپەیمانانی کۆماری لە سینات ڕێگەیان نەدا شایەتحاڵی نوێ بانگ بکرێت.

دیموکراتەکان سەرەتا نەیاندەویست پرۆسەی ئیمپیچکردنەکە بکەوێتە ساڵی هەڵبژاردنەوە بەڵام ئێستا چاوەڕوانن سینات لەم ساڵدا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئیمپیچکردنی سەرۆک ترامپ بدات کە گەلی ئەمەریکاش بتوانن لەسەر بنەمای ئەوە بڕیاری خۆیان بدەن.

شێف ڕۆژی چوارشەممە بەر لە دەستپێکردنی مشتومڕەکان گوتی " ئێمە ئەم دۆسێیە دەخەینە بەردەم دوو دەستەی سوێندخۆران – سینات و گەلی ئەمەریکاش، خەڵکی ئەمەریکا دەبینن و دەبیستن و مێشکیان کراوەیە."

ترامپ سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا توڕەیی خۆی بەرامبەر پرۆسەکە دەربڕی و بە " ناڕەواترین و گەندەڵترین دانیشتنی کۆنگرێس لە مێژوودا" ناودێری کرد.

دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی ڕابوردوو مشتومڕیان لەسەر ئەوە کرد کە ترامپ دەسەڵاتی خراپ بەکارهێناوە بۆ فشار خستنە سەر ئۆکرانیا تا لێکۆڵینەوەیەک لەسەر جۆ بایدنی بەرهەڵستی سیاسی بکات لە کاتێکدا هاوکاری لەشکری گرنگی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت. و هەورەها دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ترامپیان بە ئاستەنگ خستە بەردەم کۆنگرێس بۆ لێکۆلێنەوەکان تاوانبار کرد. بەڵام کۆمارییەکان بەرگریان لە کردارەکانی ترامپ کرد و پرۆسەکەیان بە هەوڵێکی سیاسی بۆ لاوازکردنی سەرۆک لە دەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەیدا ناودێر کرد.

XS
SM
MD
LG