Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا وابەستەیی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ئێران دووپات دەکاتەوە


وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی داوایان کرد دەستبەجێ توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لیبیا هێوربکرێنەوە و دەڵێن هەرێمەکە بەرگەی شەڕێکی تر ناگرێت و ئەوان وابەستەییان بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ئێران دووپات دەکەنەوە.

لە دەمی لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران پاش کۆبونەوە بەپەلەکەی بروکسڵ، بەرپرسی کاروباری دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا جۆسف بۆرێل گوتی " هەرێمەکە بەرگەی شەڕێکی تر ناگرێت، و ئێمە داوا دەکەین دەستبەجێ ڕەوشەکە هێوربکرێتەوە و هەمو لایەنەکان ئەوپەڕی خۆڕاگربن."

ئەو گوتی ڕەوشی ناهەموار لەو ناوچە پڕ لە توندوتیژییەدا هەوڵەکانی چەندان ساڵە بۆ سەقامگیرکردنی عێراق دەخاتە مەترسییەوە. ئەوروپییەکانیش لەگەڵ لایەنەکانی تردا ترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعشیان لە ناوچەکەدا هەیە.

کۆبونەوەکەی بروکسڵ لە هەفتەیەکی پڕ لە ڕووداوی جیاجیادا هاتە ئاراوە لە کاتێکدا ئێران بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناو عێراق وەڵامی کوشتنەکەی قاسم سولەیمانی دایەوە. عێراقیش لایخۆیەوە داوای لە ئەمەریکا کردووە کە هێزەکانی لە عێراقدا بکشێنێتەوە.

لەو کۆبونەوەیەدا باس لە ناکۆکییەکانی لیبیاش کراوە. ڕوسیا و تورکیا داوای دەستپێکردنی ئاگربەستێکیان لە ڕۆژی یەکشەممەوە کردووە. بۆرێل گوتی یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ چاودێری کردنی ئەو ئاگربەستە.

هەوەها سەبارەت بە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بۆرێل گوتی یەکێتییەکە وابەستەیە بە ڕزگارکردنی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران و داواکارییەکەی سەرۆک ترامپ لە ئەورپا ڕەتکرایەوە بۆ دەرچوونیان لەو ڕێککەوتنە.

ئەو گوتی بەبێ ئەو ڕێککەوتنە " ئەمڕۆ ئێران وڵاتێکی خاوەن دەسەڵاتی ناوکی دەبوو، سوپاس بۆ ڕێککەوتنەکە کە ئێران خاوەن دەسەڵاتی ناوکی نییە."

XS
SM
MD
LG