Accessibility links

سەرۆک ترامپ: هێرشەکانی شەوی ڕابوردووی ئێران هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە


پاش هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەی ئێران بۆ سەر دوو بنکەی سەربازی عێراق کە هێزەکانی ئەمەریکا لەوێن سەرۆک ترامپ وتارێکی پێشکەش بە گەلی ئەمەریکا کرد. سەرەتای وتارەکەی بەوە دەستپێکرد "هەتا ئەو کاتەی من سەرۆکی ئەمەریکا بم ئێران هەرگیز ناتوانێت چەکی ناوکی بەدەستبهێنێت".

پاشان سەرۆک ترامپ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەمەڕ ئەوەی هیچ ئەمەریکاییەک لە هێرشەکاندا زیانی گیانی پێنەگەیشتووە و گوتی "گەلی ئەمەریکا پێویستە زۆر سوپاسگوزار و خۆشحاڵ بن هیچ ئەمەریکاییەک لە هێرشەکانی شەوی ڕابوردووی ڕژێمی ئێراندا زیانی پێ نەگەیشت. ئێمە هیچ زیانێکی گیانیمان لێ نەکەوت هەمو سەربازەکانمان سەلامەتن، و تەنها زیانێکی کەم بە بنکە سەربازییەکان گەیشتووە".

لە وتارەکەی کۆشکی سپیدا کە جێگری سەرۆک مایک پێنس، وەزیری بەرگری مارک ئەسپەر، وەزیری دەرەوە مایک پۆمپەیۆ و سەرکردە لەشکرییەکان لە پشتەوەی وەستا بوون سەرۆک ترامپ گوتیشی "هێزە سەربازییە قارەمانەکانی ئەمەریکامان ئامادەن بۆ هەمو شتێک. لەوە دەچێت ئێران چی تر کارێکی لەو جۆرە ئەنجام نەدات، کە ئەمەش بۆ هەمو لایەنەکان باشترە و بۆ جیهانیش زۆر باشە."

ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی کە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە گوتارێکی پێشکەش بەو جەماوەرە کرد کە هاواریان دەکرد " مەرگ بۆ ئەمەریکا" گوتی هێرشەکانی ئێران " تەنها زلەیەک بوو" لە ڕووی ئەمەریکا درا و گوتیشی پێویستە سەربازەکانی ئەمەریکا هەرێمەکە جێبهێڵن.

سەرۆک ترامپ لە میانەی وتارەکەی دا باسی لە ڕەفتارە تێکدەرەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد بەڵام گوتیشی ئەو ڕۆژانە بەسەر چوون و هەرگیز ناهێڵین ئەو شتانە ڕووبدەنەوە.

ئەو باسی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی باڵای هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی، بە فەرمانی خۆی کرد و گوتی " لەشکری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تیرۆستی باڵای جیهانی قاسم سولەیمانی لەناو برد."

سەرۆک ترامپ باسی لەو کردارانەش کرد کە قاسم سولەیمانی ئەنجامی دابوون و گوتی ئەو بەرپرسیار بووە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمدواییانە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و پلانی کارێکی زۆر گەورەی هەبووە دژ بە ئەمەریکا.

سەرۆک ترامپ باسی لە توانا لەشکرییەکانی ئەمەریکا کرد و گوتی توانای لەشکریمان زۆرە و موشەکی زۆر پێشکەوتوشمان هەیە کە زۆر بەباشی ئامانجی خۆیان دەپێکن بەڵام جەختیشی کردەوە کە ئەمە مانای ئەوە نییە بمانەوێت ئەو موشەکانە بەکاربهێنین.

سەرۆک ترامپ گوتیشی " سزای توندی ئابوری هەر دەمێنێتەوە هەتا ئەو کاتەی ئێران ڕەفتارەکانی دەگۆڕێت." و گوتیشی " ئێران دەبێت هەوڵی بەدەستهێنانی ناوکی ڕابگرێت و کۆتایی بهێنێت بە پشتیوانی کردن لە تیرۆرسم."

XS
SM
MD
LG