Accessibility links

زۆربەی هێڵە ئاسمانییەکان ڕێگەی گەشتەکانیان دەگۆڕن بۆ خۆلادان لە ئاسمانی ئێران و عێڕاق


هێڵە ئاسمانییە سەرەکییەکان ڕۆژی چوارشەممە گەشتەکانیان بۆ ئێران و عێراق ڕاگرتووە و ڕێگەکانیان گۆڕیوە تا بە ئاسمانی ئەو دوو وڵاتەدا تێپەڕ نەبن، پاش هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق.

هێڵی ئاسمانی لوفتانزای ئەڵمانی، هێڵی ئیماراتی بنکە لە دوبەی و هێڵی فلایدوبەی لە نیو ئەو هێڵانەبوون کە گەشتەکانی ڕۆژی چوارشەممەیان ڕاگرت لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسمانی ئەمەریکا (FAA) گەشتکردنی هەمو هێڵە ئەمەریکاییەکانی بۆ ناوچەکە قەدەغە کرد. بەڵام هێڵێکی تری ئاسمانی بەردەوام بوون لە فڕینیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا.

ئێران زیاتر لە 12 موشەکی بالاستیکی لە خاکی خۆیەوە هەڵداوە بۆ بەلایەنی کەم 2 بنکەی سەربازی عێراق کە هێزەکان بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا لەوێ نیشتەجێن.

لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا FAA ڕۆشتنی هەمو هێڵە ئەمەریکاییەکانی بەسەر ئاسمانی ئێران، کەنداوی عەمان و ئاوەکانی نیوان ئێران و عەرەبستانی سعودیە قەدەغە کرد و گوتی " زۆربوونی چالاکییە لەشکرییەکان و بەرزبوونەوەی ناکۆکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسییەکی گەورە دەخاتە سەر گەشتی ئاسمانی سڤیلی ئەمەریکا."

قەدەغەکردنی گەشتەکان ماوەیەکی کورت بەر لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانی جۆری بۆینگ 737 بوو کە دەستبەجێ پاش دەرچوونی لە فڕۆکەخانەی تاران کەوتە خوارەوەو 176 سەرنشینی تێدا کوژران و کاربەدەستانی ئۆکرانی دەڵێن کێشە لە مەکینەکەیدا هەبووە.

ئاژانسی پاراستنی گەشتی ئاسمانی یەکێتی ئەورپا EASA دەڵێت چاودێری بارودۆخەکە دەکات تا بزانێت گەشتەکانیان بۆ ئەو ناوچەیە سەلامەتە یان نا. لە هەمانکاتیشدا لە ساڵی 2014 وە زۆربەی گەشتەکان هەنگاوی زیاتریان ناوە بۆ ئەوەی تا بتوانن خۆیان بپارێزن لە فڕین بەسەر ناوچەکانی شەڕدا. ئەمەش پاش ئەوەی فڕۆکەیەکی مالیزیایی بە موشەک لە ئۆکرانیاوە خرایە خوارەوە و 298 کەسی تێدا کوژرا. بەڵام کێشەی هێڵە ئاسمانییەکان لەوەدا زۆربەی جار بەهۆی گۆڕینی ڕێگاکانەوە کاتی گەشتەکە زیاتر دەکات و بەنزینیشی زیاتر پێویستە.

هێڵی ئاسمانی قانتاسی ئوسترالیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند 50 خولەک گەشتی نێوان پێرت و لەندەن زیادی کردووەو ژمارەی سەرنشینەکانیش کەم کراوەنەتەوە تا بەنزینی زیاتر هەڵگرێت لە پێناو ئەوەی بەسەر ئاسمانی ئێران و عێراقدا تێنەپەڕێت.

بەڕێوەبەرایەتی گەشتی ئاسمانی ئەمەریکا هەر لە مانگی شەشەوە کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لەلایەن ئێرانەوە خرایە خوارێ گەشتکردنی هێڵە ئەمەریکاییەکانی بەسەر ئاسمانی ئێراندا قەدەغەکردبوو و لە عێڕاقیش نابێت لە 26 هەزار فیت نزمتر بێتەوە.

هێڵی ئاسمانی فەرەنسی و KLM لە ساڵی 2018 وە گەشتەکانیان بۆ پایتەختی ئێران ڕاگرت دەڵێن هەروەها گەشتەکانیان بە سەر ئاسمانی ئێران و عێراقیشدا ڕادەگرن وەکو " پاراستنی پێوەخست."

هێڵی ئاسمانی بەریتانی دەڵێت ژمارەیەکی کەمی گەشتەکانی گۆڕانکاری بەسەردا دەکرێت بەڵام ڕوونکردنەوەی زیاتری نەداوە. هێڵەکانی تری وەکو ڤێرجن ئەتلانتیک، سینگاپور، مالیزیا، کەنەدا و تایوانیش دەڵێن فڕۆکەکانیان ڕێگەکانی خۆیان دەگۆڕن.

XS
SM
MD
LG