Accessibility links

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکرانی لە ئێران 176 کەس گیانیان لەدەستدەدەن


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدمیر زیلینسکی ڕایگەیاند هیچ کەس لە ناو فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا زیندوو نەماوە کە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە دەستبەجێ پاش هەستانی لە فڕۆکەخانەی تاران کەوتە خوارەوە.

ئەو گەشتە بەرەو کەیڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەچوو و سەرۆک وەزیری ئۆکرانیاش دەڵێت 167 سەرنشین و 9 کارمەندی نێو فڕۆکەکەی تێدا بوون.

سەرۆکی هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئۆکرانیا یەڤێن دایخن لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ئەو فڕۆکەیە یەکێک بوو لە هێڵە ئاسمانییە هەر باشەکانی کە هەیانبووە و " کارمەندەکانی زۆر باش و باوەڕپێکراو بوون".

ئەو هێڵە ئاسمانییە هەر پاش ڕووداوەکەی چوارشەممە هەمو گەشتەکانی بۆ تاران ڕادەگرێت و دەڵێت فڕۆکەکە لە ساڵی 2016 دروستکرا بوو و ڕۆژی دووشەممە پشکنینی ئاسایی بۆ کرابوو.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڤادیم پریستایکۆ ڕایگەیاند سەرنشینەکانی نێو فڕۆکەکە خەڵکی 7 وڵاتی جیاواز بوون. 82 هاووڵاتی ئێرانی، 63 کەنەدی، 11 ئۆکرانی، 10 سویدی،4 ئەفغانی، 3 ئەڵمانی و 3 بەریتانی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستانیش لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت 10 هاووڵاتی ئەفغانی لە نێو ئەو فڕۆکەیەدا گیانیان لەدەستداوە و داوای لە باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران کردووە هاوکاری بکات بۆ گێڕانەوەی تەرمەکان بۆ ئەفغانستان.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کەنەداش دڵگرانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند بەهۆی لەدەستدانی 63 هاووڵاتی کەنەدی لە ناو ئەو فڕۆکەیەو گوتی لەگەڵ حکومەتی ئۆکرانیا لە پەیوەندیدان بۆ زانینی هۆکارەکانی کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە.

بەپێی یاساو ڕێسا نێونەتەوەییەکان بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەوێتە سەر ئێران چونکە لەوێوە هەستاوەو دەستبەجێ کەوتۆتە خوارەوە، تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران دەڵیت هەردوو سندوقە ڕەشەکانی نێو فڕۆکەکە دۆزراونەتەوە.

کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە هاوکاتە لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، چەند کاتژمێرێک بەر لە کەوتنی ئەو فڕۆکەیە ئێران چەندین موشەکی گرتە بنکە سەربازییەکانی کە هێزەکانی ئەمەریکای لێیە لە ناو عێراق بۆ تۆڵەکردنەوە لە کوشتنەکەی فەرماندەی هێزی قودس قاسم سولەیمانی کە لە ڕۆژی هەینی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە عێڕاق کوژرا.

لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی نیمچە فەرمی ئیرانی مهر سەرۆکی هێزی ئاسمانی سڤیلی ئێران عەلی عەبدزادە ڕایگەیاندووە هەردوو سندوقەڕەشەکان لەو وڵاتەی کە ڕووداوەکە تیایدا ڕوویداوەشی کردنەوەی بۆ دەکرێت بە پێی یاسای نێونەتەوەیی. ئەو گوتیشی لێکۆڵەرانی ئۆکرانیش بەشێک دەبن لە لێکۆڵینەوەکان. بەڵام گوتی ئێران ڕێگە نادات ئەمەریکا لە هیچ قۆناغێکدا دەستبخاتە نێو لێکۆڵینەوەکان.

XS
SM
MD
LG