Accessibility links

ئەو وڵاتانەی کە ساڵی نوێ تیایدا دەستیپێکردووە چۆن پێشوازی لێ دەکەن


زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ڕوویان لە بەندەری سدنی و دەوروبەری کرد بۆ دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی سەری ساڵی نوێ سەرەڕای ئەوەی گڕی دارستانەکان لەو ستانە هەرە قەرەباڵغەی ئوسترالیا خەڵکی نیگەران کردووە.

بڕیاربوو یارییە ئاگرینەکان لە کاتژمێر 9 ی شەو لەو شوێنە بەناوبانگەی سدنی دەسپێبکات بەڵام بەهۆی بایەکی زۆرەوە نزیکەی 15 خولەک دووا خرا.

ستانی نیو ساوت والیسی ئوسترالیا یەکێکە لەو ستانانەی وڵاتەکە کە لەماوەی چەند مانگی ڕابوردوودا زیانێکی زۆری بەهۆی گڕی دارستانەکان لێ کەوتۆتەوە، زیاتر لە هەزار ماڵ لە سەرانسەری وڵاتەکە سوتاون و زیاد لە 12 کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

هەندێک لە کۆمەڵگاکانی ئوسترالیا ئاهەنگەکانی سەری ساڵیان هەڵوەشاندۆتەوە بەهۆی ئەو نیگەرانیانەی لە وڵاتەکەدا هەن.

نیوزیلاند

شارە سەرەکییەکانی نیوزیلاند وەکو نەریت بە یارییە ئاگرینیەکان پێشوازیان لە ساڵی 2020 کرد. لە ئۆکڵاند نیو تۆن یاری ئاگرین بە دەوروبەری تاوەری سەرەکی شارەکەدا تەقیندران کە دیمەنەکەی تەواوی شارەکەی ڕازاندبۆوە.

نیوزلەنداییەکان ساڵی 2019 بۆیان ساڵێکی سەخت بوو. لە 15 ی مانگی 3 دا، چەکدارێک 51 کەسی کوشت و دەیان کەسی تریشی بریندار کرد لە دوو مزگەوتی شاری کرایستچەرچ. لە مانگی 12 شدا بەهۆی گڕکانێک لە کەناری ڕۆژەڵاتی نۆرت ئایلەند بەلایەنی کەم 19 گەشتیار و ڕێپیشاندەرەکەیان گیانیان لەدەستدا.

کریبات

وڵاتی دورگەی کریبات لە ئۆقیانوسی ئارام یەکێکە لە وڵاتەکانی کە یەکەم جار پێشوازی لە دەیەی داهاتوو دەکەن. لە کاتێکدا سالی نوێ دەستپێدەکات کریبات زیاتر دەکەوێتە هێڵی پێشەوەی شەڕی دژ بە گۆڕانی کەشو هەوا و ڕووبەڕووی وشەکەساڵییەکی زیاتر و مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی ئاساتی دەریا دەبێتەوە.

ساموا

ئێوارەی سەری ساڵی نوێ لە ساموا جۆش و خرۆشی کەمتر بوو لە ساڵانی پێشووتر. لە کاتێکدا یارییە ئاگرینییەکان لە دوانزەی شەو دەستیانپێکرد و کۆتایی بە ساڵی 2019 هات. خەڵکی ئەو قوربانیانەیان بیر هاتەوە کە بەهۆی نەخۆشی سورێژە لە ساڵەکەدا گیانیان لەدەست دا.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە مانگەکانی کۆتایی ساڵدا 81 کەس گیانیان لەدەست دا کە زۆربەیان منداڵی تەمەن پێنج ساڵ کەمتر بوون.

هۆنگ کۆنگ

شەوی سەری ساڵی نوێ بەشداربووانی ئاهەنگەکان و هەروەها خۆپیشاندەرانی دیموکراسیخوازیش لە سەرانسەری هۆنگ کۆنگ کۆببونەوە.

ئەو شارە نیمچە خودموختارییەی سەر بە چین ئاهەگەکانی سەر ساڵی نوێی کەمتر کردووە هاوکاتی خۆپیشاندانەکان. بە پێی ڕاپۆرتان خۆپیشاندەران لە چەند شوێنێک لەگەڵ پۆلیس بەشەڕ هاتوون و ڕوویان کردۆتەوە ئەو شوێنانی کە بە شەودا ئاهەنگی لێ دەگێردێت و خەڵکی ڕوویتێدەکەن.

ئەو یارییە ئاگرینەیە کە هەمو ساڵێک لە بەندەری ڤیکتۆریا ئەنجام دەدرێت ئەمساڵ ڕاگیرا بەهۆی نیگەرانییە ئاسایشییەکانەوە لەکاتێکدا هەندێک لە شەقامەکانیش داخرابوون بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت.

ژاپۆن

لە ژاپۆن خەڵکی ڕژانە مەزارگەو پەرستگاکان بۆ پێشوازی لە قۆناغێکی نوێ. ژاپۆنییەکان دەڵین ئەمە یەکەم ساڵی قۆناغی ڕەیوایە لە ساڵژمێری ئەواندا. بە پێی ساڵژمێری کۆنی ژاپۆنی کە پیوەندی بە دەسەڵاتی ئیپراتۆرەکانەوە هەیە، قۆناغی ڕەیوا لە مانگی پێنج دەستپێدەکات پاش ئەویە ئیمپراتۆر ئەکیتۆ دەستبەرداری دەسەڵاتەکەی بوو و ناروهیتۆی کوڕی بوو بە ئیمپراتۆر.

خەڵکی پێیان وایە ساڵی 2020 ساڵێکی گرنگ دەبێت بۆیان. تۆکیۆ لە 2020 دا میواندارێتی یارییەکانی ئۆلۆمپیادیش دەکات.

XS
SM
MD
LG