Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ترامپ لە تەرازووی کۆنگرێسدا


سەرۆک دانۆڵد ترامپ بووە سێهەمین سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەوە بڕیاری لەکارلادانی بدرێت پاش لێکۆڵینەوە کردن لەگەڵیدا، لەو پرۆسەیەی لە ئەمریکادا بە ئیمپیچمێنت ناودێر دەکرێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە دوو هۆکار بڕیاری داوە بۆدادگاییکردن و لەکارلادانی سەرۆک ترامپ، یەکەمیان؛ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، دووهەمیشیان؛ تەگەرە و کۆسپ خستنە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس.

ڕۆژی چوارشەممە بەر لە دەنگدانەکە بۆ چەند کاتژمێرێککۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا مشتومڕێکی گەرموگوڕیان هەبوو لەسەر تەواوی پرۆسەی ئیمپیچمێنتەکە و تەواوی قسەکانی ئەندامانیش لەسەر ئەوە بووە بۆچی دەنگ دەدەن بە لادانی سەرۆک ترامپ و یان بۆچی دەنگی پێنادەن.

دیموکراتەکان دەڵێن ئەوە ئەرکە لە ئەستۆیان پاش ئەو هەڵانەی سەرۆک ترامپ کردوونی پێویستە دەنگ بە لادانی بدرێت. کۆمارییەکانیش بەردەوام جەختیان کردۆتەوە لەوەی دەنگدان بە لادانی سەرۆک ترامپ لە پۆستەکەی هەڵەیەکی گەورەیە.


میوانی بەرنامە:
دکتۆر کرمانج گوندی، زانکۆی تەنەسی ستەیت.

هەرچۆنێک بێت لە کۆتاییدا دەنگدان کرا و بەندی یەکەمی ئیمپیچمێنتەکە بە 229 دەنگی ئا و 197 دەنگی نا پەسەند کرا و هەرچی بەندی دووهەمیشیانە واتە تەگەرە و کۆسپ خستنە بەردەم کۆنگرێس بە 229 دەنگی ئا بەرامبەر بە 198 دەنگی نا پەسەندکرا.

دوو ئەندامی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران ( کۆڵن پیترسن، نوێنەری ستانی مینەسۆتا و جێف ڤان درو، نوێنەری ستانی نیوجێرسی) دەنگیان بە نا داوە لەسەر هەردوو بەندەکە.

هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن دەشێت بەمزووانە، ئەو دوودیموکراتە لە ئەنجومەنی نوێنەران، سەنگەری خۆیان بگوازنەوە بۆ ناو کۆمارییەکان.

جارید گۆڵدن، نوێنەری ستانی مەین، کە دیموکراتە دەنگی خۆی بە یەکێک لە بەندەکان داوە و ئەوی تریان بە نا دەنگی لەسەر داوە.

جەستن ئامش، پێشتر کۆماری بووە و ئێستا سەربەخۆیە و نوێنەری ستانی مەشیگانە دەنگی بە ئا داوە بۆ هەردوو بەندی ئیمپیچمێنتی سەرۆک ترامپ.

ئەم بڕیارە کە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا پەسەندکراوە بۆ لەکارلادانی سەرۆک ترامپ دەچێتە بەردەم سیناتی ئەمریکا کە کۆمارییەکان تیایدا زۆرینەن، وەهاش چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی یەکی داهاتوودا سینات دەنگی لەسەر بدات.

مچ مککۆنێڵ، ڕێبەری زۆرینەی کۆمارییەکان لە سینات، ڕۆژی سێشەممە بە ئەندامانی کۆماریی وتووە لە کۆتایی هەفتەدا بڕیار لەسەر ڕۆژێکی دیاریکراو دەدات بۆ دەستکردن بە وتووێژەکانی ناو سینات لەسەر ئەم دۆسێیە. بڕیاری یەکلاکەرەوە لای سیناتە بۆ گوناهبارکردن و لەکارلادانی سەرۆک ترامپ.

هەرچۆنێک بێت وەک هەندێک لە میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان پێکردووە، نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوە کردووە وابەستە نییە بەوەی ئەو بەرنوسە پەسەندکراوە بنێرێت بۆ سینات، ئەمەش وەک هەنگاو و هەڵوێستێکی سەرسوڕهێنەر لێی دەڕوانرێت چونکە تەواوی پرۆسەی گوناهبارکردن و لەکارلادانی سەرۆک ترامپ دەخاتە بارێکی نادیارەوە.

سەرۆک ترامپ، هاوکاتی دەنگدانەکەی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەوە دەکردەوە ئەو دەنگدانە زیان بە ئایندەی سیاسی دیموکراتەکان دەگەیەنێت نەک هی دانۆڵد ترامپ.

سەرۆک ترامپ دەڵێت " ئەو دەنگدانەی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بریتیە لە خۆکوشتنی سیاسییان."

ئایا بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ لادانی سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی بڕیارێکی سیاسییە یان لەسەر بنچینەی دەستورە؟

ئایا سیناتی ئەمریکا کە کۆمارییەکان زۆرینەن، ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەکەن؟

ئایا بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران کاریگەری دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی ساڵی 2020 ی سەرۆکایەتی ئەمریکاوە؟

دکتۆر کرمانج گوندی، لە زانکۆی تەنەسی ستەیت، لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:14 0:00


XS
SM
MD
LG