ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵوێستی زیاتری پۆسیتیڤانەی گرتۆتە بەر لەمەر پێشنیازی ئێران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان لەوەتای هەردوولا لە ڕۆژی شەممە بە ڕێگای نێوبژیوانی سویسرا لە زوریخ ئاڵوگۆڕکردنێکی دەگەمەنیان ئەنجام دا.
لەوەتای ئاڵوگۆڕکردنەکەی ڕۆژی شەممەوە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف یەکێک بووە لە نێو چەندین کاربەدەستی تر کە ئامادەیی نیشان داوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانی زیاتر لەگەڵ واشنتندا.
ڕۆژی دووشەممە لە تویتێکدا زەریف گوتی " پاش ئەوەی لەم هەفتەیەدا بارمتەکەمان گەڕاندەوە، بە تەواوەتی ئامادەم بۆ ئاڵوگۆڕکردنێکی گشتگیری زیندانیان. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمەیکادایە."
ڕۆژی سێشەممەش ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێران IRNA بڵاوی کردەوە یاریدەدەرێکی زەریف باسی لەوە کردووە کە دەیانەوێت بەردەوامبن لە کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان لەگەڵ ئەمەریکا بەڵام گوتیشی هێشتا فەرمانیان پێ نەدراوە کە ئەو کارە بکەن.
موحسین بەهاروەند گوتیشی لە میانەی ئاڵوگۆڕکردنەکەی ڕۆژی شەممە لە فڕۆکەخانەیەکی زوریخ ئەو لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران براین هوک لەسەر مێزێک دانیشتووە بەڵام وەک ئەو دەڵێت ئامادە نەبووە لە سەر داوای هوک وتووێژێک بکات.
پاشان ڕۆژی سێشەممە لە میانەی قسەکانیدا لە ڕێکخراوی بەرگری بۆ دیموکراسی لە واشنتن هوک ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە لە سەر مێزێک لەگەڵ بەهاروەند دانیشتووەو خۆشحاڵیشی دەربڕی لەسەر ئەو لێدوانانەی لەلایەن کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ئەمەریکا ڕاگەیەندراوە.
ئەو گوتی " ئەو لێدوانانە ئەرێنی بوون. جا باببینین دەتوانین لەسەر بنەمای چی شت دروست بکەین، هیوادارم ئەمە یەکەم هەنگاو بێت و ببێتە مایەی ئازادکردنی هەمو ئەمەریکاییە بێتاوانەکانی کە لە ئێستادا لە ئێران دەستگیر کراون.ئەمە ئەوەش نیشان دەدات کە ڕێگەیەک هەیە بۆ ئەمەریکا و ئێران کە بگەن بە ڕێککەوتنێک."
لە وتووێژێکی جیاوازدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی NPR براین هوک گوتی تیمەکەی ئامادەیە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانی داهاتوو ئەو گوتی " من داوای وتووێژێکی ڕاوێژکاری لەگەڵ ئێرانییەکاندا دەکەم بۆ ئەوەی ئەمەریکاییەکانی تریش لەوێ دەربکەین."
واشنتن و تاران سویسرایان وەکو ناوبژیوان بۆ وتووێژێکی ڕاوێژکاری لەو جۆرە بەکارهێناوە، لە کاتێکدا هەردوولا لە ساڵی 1979 وە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسییان پێکەوە نییە. هەردوولا لە ساڵی 2016 وە هیچ زیندانییەکیان نەگۆڕیوەتەوە.