وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە فەرمی وتووێژی ئاشتی لەگەڵ تالیبان دەستپێکردەوە سێ مانگ پاش ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو وتووێژەکانی کە بۆ ماوەی ساڵێک بوو بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئەفغانستان ئەنجام دەدرا، ڕاگرت.
سەرچاوەیەک لە ناو حکومەتی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان زاڵمای خەلیلزاد ڕۆژی شەممە ڕێبەرایەتی تیمەکەی دەکات لە وتووێژەکانی دۆحای پایتەختی قەتەر کە وتووێژەکان لەوێ بەڕێوە دەچن.
سەرچاوەکە گوتیشی " وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەشداری وتووێژەکان لە دۆحا دەکاتەوە. سەرنجی وتووێژەکان لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان تا ڕێگە خۆش بکات بۆ وتووێژەکانی لایەنە ئەفغانییەکان و ئاگربەستێک."