کاربەدەستانی جێبەجێکردنی یاسا لە ئەمەریکا و بەریتانیا گوناهبارکردنی هاککەرێکی بەناوبانگی ڕوسیاییان لە ڕۆژی چەوارشەممە ڕاگەیاند و تاونکاری دەساڵەی ئینتەرنێتیان خستە پاڵی کە بۆتە هۆی لەدەستدانی دەیان ملیۆن دۆلاری قوربانیان لە سەرانسەری جیهاندا.
ماکسیم یاکوبێتسی تەمەن 32 ساڵان کە بە ناوی ئینتەرنێتی "ماقوا" دەناسرێت تاوانبار کرا بەوەی دەستی هەبووە لە دوو هاککردنی کۆمپیوتەری جیهانی و فرتوفێڵی بانکی لە ساڵی 2009 وە هەتا ئێستا.
یاکوبێتس لە لەندەن ڕووبەڕووی سزا بۆوە بە تاوانی دەستهەبوونی لە پیلانێکی درێژخایان بۆ بڵاکردنەوەی زیانامێر (malware)ی زیوس و دزینی ملیۆنان دۆلار لە بانکەکانی ئەمەریکا و شوێنەکانی تر.
پاشان یاکوبێتس و ئیگۆر توراشیڤی تەمەن 37 ساڵان کە ئەویش ڕوسیاییە لە ولایەتی پێنسلڤانیا تاوانبار کرا بە بڵاوکردنەوەی زیانامێری "بەگات" بۆ دزینی زانیارییە تایبەتەکان و بانکییەکان لە کۆمپیوتەرەکانەوە.
هەردووکیان لە ئێستادا بێسەروشوێنن و هێشتا دەستگیر نەکراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خەڵاتی 5 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک کە زانیارییەک دابین بکات ببێت بە هۆی دەستگیرکردنی یاکوبێتس.
جێگری وەزیری داد براین بێنچزۆسکی گوتی " ئەم دوو دۆسێیە بەڵێنەکانمان نیشان دەدات بۆ بێپەردە کردنی ئەنجامدەرانی هێرشە هەرە مەترسیدارەکانی کۆمپیوتەری لە سەرانسەری جیهان."