Accessibility links

سەربازێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا خۆی و دوو کەسی تر دەکوژێت


کاربەدەستانی لەشکری ڕادەگەیەنن سەربازێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە بنکەی لەشکری مێژووی پێرل هاربەری هاوایی تەقەی کردووەو دوو کارمەندی سڤیلی کوشتووە و کەسێکی تریشی بریندار کردووە بەر لەوەی تەقە لە خۆی بکات.

کاربەدەستەکان نێوی قوربانیان و چەکدارەکەشیان ئاشکرا نەکردووە بەڵام شایەتحاڵەکان دەڵێن چەکدارەکە جلوبەرگی هێزی دەریایی ئەمەریکای لەبەردا بووە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی دەڵێن هەمو قوربانییەکان پیاو بوون. کاربەدەستانەی بنکەکەش دەڵێن قوربانییەکان خەڵکی سڤیل بوون کە بۆ وەزارەتی بەرگری کاریان دەکرد.

بنکەی هاوبەشی پێرل هاربەر- هیکام لە لاپەڕەی فەمی تویتەری ڕایگەیاندووە " هێزی ئاسایشی بنکەی هاوبەشی پێرل هاربەر- هیکام پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرت لەسەر تەقەکردن لە شوێنی لەنگەرگرتن لە PHNSYIMF گەیشتنە شوێنەکە. ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تەقەکەرەکە و دوو کەسی سڤیلی کوژراون و کەسێکی تری سڤیلیش بریندارە و ڕەوشی تەندروستی جێگیر لە نەخۆشخانەیەکی خۆجێهی."

هەتا ئێستا ڕوون نییە مەبەستی ئەو چەکدارە چی بووە و بۆچی تەقەی کردووە. ئەم ڕووداوە سێ ڕۆژ بەر لە 78 هەمین ساڵیادی هێرشەکانی 7ی 12 ی ساڵی 1941 بۆ سەر ئەو بنکە دەریاییەی کە بوو بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا جەنگ دژی ژاپۆن ڕابگەیەنێت و بچێتە نێو جەنگی جیهانی دووهەمەوە.

XS
SM
MD
LG