Accessibility links

لێکۆڵینەوەکان لە دژی سەرۆک ترامپ لە کۆنگرێس ڕەوانەی کۆمیتەی دادوەری دەکرێت


پـرۆسەی لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لەسەر سەرۆک ترامپ قوناغی یەکەمی بڕی، پاش ئەوەی کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران ڕاپـۆرتەکەی پەسەندکرد کە تیایدا تاوانباری دەکات بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.

کۆمیتەی هەواڵگری کە دیموکراتەکان تیایدا زۆرینەن، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە بە دەنگی 13 بەرامبەر 9 ڕاپـۆرتێکی 300 لاپەڕیی لە دژی سەرۆک ترامپ پەسەندکرد کە ئامادەکرا لە پاش شایەتی 15 کەس. لە ڕاپـۆرتەکەدا هاتووە" سەرۆک بەرژەوەندی خۆی خستووەتە سەر بەرژەوەندیـیە نیشتمانیـیەکانی ئەمەریکا، وە هەوڵی داوە لە ڕەوایی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کەمبکاتەوە، وە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکای خستووەتە بەر مەترسیـیەوە."

ڕاپـۆرتەکە دەشڵێت بەڵگەیەکی ئێجگار زۆر هەن سەرۆک ترامپ لە دوو حاڵەت بە خراپی ڕەفتاری کردووە. یەکەم، مەرجی دانابوو بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ کۆشکی سپی و پـێشکەشکردنی یارمەتی لەشکری بە ئۆکرانیا، مەرجەکە ئەوە بووە ئۆکرانیا لێکۆڵینەوەیەک بکات کە لە بەرژەوەندی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی بێت. دووەم، کۆسپی لە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس دروستکردووە.

ئادەم شێف، سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران
ئادەم شێف، سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران

ئادەم شێف سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری کە دیموکراتە، گوتی زۆر جێی مەترسیـیە وڵاتێک سەرۆکێکی هەبێت خاوەن مۆڕاڵ نەبێت و پـێی وابێت لەسەروو یاساوەیە. گوتیشی ئێستا پـرسیارەکە ئەوەیە کۆنگرێس دەتوانێت چی بکات لە پاش دەرچوونی ڕاپـۆرتەکە؟.

کۆشکی سپی لای خۆیەوە ڕاپـۆرتەکەی ڕەتکردەوە و لێکۆڵینەوەکانی بە ساختەکاری بۆ لابردنی سەرۆک ترامپ لە دەسەڵات ناودێرکرد و گوتی ڕاپـۆرتەکە هیچ بەڵگەیەکی لە دژی سەرۆک نەخستووەتە ڕوو.

لە ئێستادا ڕاپـۆرتەکە ڕەوانەی بەردەم کۆمیتەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەران کراوە تاوەکو بڕیاری لەسەر بدەن ئایە ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆک ترامپ کراون یاسایین یان نا.

جێری نادلەری، سەرۆکی کۆمیتەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەران
جێری نادلەری، سەرۆکی کۆمیتەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەران

کۆمیتەی دادوەری کە لە 41 ئەندام پـێکهاتووە ( 24 دیموکرات و 17 کۆماری) و لە لایەن جێری نادلەری دیموکراتەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

کۆمیتەکە 4 کەسی شارەزای یاسایی دەستنیشانکردووە بۆ تاووتوێکردنی ڕاپـۆرتەکە. سێیانیان لەلایەن دیموکراتەکان و یەکێکیان لە لایەن کۆماریـیەکان.

پاش ئەوەی کۆمیتەی دادوەری لیستی تۆمەتەکان ئامادەدەکات، ئەنجامەکان دەخرێنە بەردەم تەواوی ئەنجومەنی نوێنەران تاوەکو دەنگی لەسەر بدەن. ئەگەربێت و لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندبکرێت سەرۆک ترامپ یاسا و دەستوری پـێشێلکردووە، کەیسەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی سینات دەکرێت هەتا لەوێ بڕیار بدرێت سەرۆک ترامپ لە دەسەڵات لاببرێت یان نا.

XS
SM
MD
LG