Accessibility links

ئێران دەڵێت دەیان بانک لە پیلانگێڕی نائارامییەکانی وڵاتەکەدا سوتێندراون


ڕێبەری باڵای ئێران خۆپـیشاندانەکانی ئەم دوایـیەی ئێرانی شەرمەزارکرد و بە پـیلانگێڕیـیەکی ئێجگار مەترسیدار ناودێرکرد، ئەمەش هاوکاتی ئەوەی کاربەدەستان ڕایانگەیاند 731 بانک و 140 شوێنی حکومی لە ناڕەزایەتیـیەکاندا سووتێنراون.

ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی ئەمڕۆ چوارشەممە گوتیشی ئێرانیـیەکان توانیان شکست بەو پـیلانگێڕیـیە گەورەیە بهێنن، ئەمەش بۆخۆی ئاماژەیەکە کە خۆپـیشاندانەکان خراپـترین ناڕەزایی خەڵک بوون لە دژی حکومەت لەوەتای ساڵی 2009 کە ئێرانیـیەکان ڕژابوونە سەر جادەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا.

ئەو ناڕەزاییانە پاش ڕاگەیاندنێکی 15 ی مانگی 11 بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی سەریان هەڵدا و دەستبەجێ خۆپیشاندانەکان گۆڕان بۆ سیاسی و تیایدا داوای دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبەرە باڵاکانی ئێران کرا.

لە وەڵامدا حکومەت ئەمەریکا، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیەی بە ئەنجامدانی ئاژاوەو هاندانی خەڵکی تاوانبار کرد.

خامەنەئی لە میانەی کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامانی بەسیج، کە بەشداریان لە سەرکوتکردنەکانی دژ بە خۆپیشاندەران کردووە، گوتوویەتی " پیلانگێڕییەکی قوڵ، بەربڵاو و زۆر مەترسیدار کە پارەیەکی زۆری تیادا خەرج کراوەلەلایەن خەڵکییەوە لەناو برا."

لە هەمان کاتیشدا وەزیری ناوخۆ عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزڵی گوتی نزیکەی 731 بانک و 140 شوێنی حکومی لە ناڕەزاییەکاندا سوتێندراون.

لە لێدوانێکیدا کە لە لایەن ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی IRNA وە بڵاوکراوەتەوە ئەو دەڵێت زیاتر لە 50 بنکەی هێزەکانی ئاسایش هێرش کراوەتە سەریان و نزیکەی 70 بەنزینخانەش سوتێندراون، بەبێ ئەوەی بە تەواوەتی ئاماژە بە شوێنەکانیان بکات.

بە پێی ئاژانسی IRNA ڕەحمانی فەزڵی گوتوشیەتی نزیکەی 200 هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتەکە بەشداری ئەو نائارامییەیان کردووە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی بنکە لە لەندەن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بەلایەنی کەم 143 خۆپیشاندەر کوژراون.

ئێران ئامارەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت چەند کەسێک کوژراون لە ناویاندا ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشیش و زیاتر لە 1000 کەس دەستگیر کراون. نێوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی بنکە لە نیویۆرکە دەڵێت نزیکەی 4 هەزار کەس دەستگیر کراون.

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە سزای نوێی ئابوری ئەمەریکا دژ بە ئێران نزیکەی نیوەی هەناردەی نەوتی ئێرانی بڕیوە و هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی دژە حکومەت لە عێراق و لوبنانیش کە لە هەردوو وڵاتدا گروپی چەکداری سەر بە ئێرانی لێیە.


XS
SM
MD
LG