Accessibility links

مایکڵ بلومبەرگ بە فەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت


ملیاردێر و شارەوانی پێشوی شاری نیویۆرک مایکڵ بلوومبەرگ، یەکێک لە هەرە پیاوە دەوڵەمەندەکانی جیهان بە فەرمی بەربژارێتی خۆی بۆ بۆ کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند.

ڕاگەیاندنەکەی بلومبەرگی تەمەن 77 ساڵان کە پێشتر کۆماریی بوو ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکی فەرمی لە سەر ماڵپەڕی هەڵمەتەکانی بڵاو کرایەوەو تیایدا خۆی بەوە ناودێر کردووە کە بە تەواوەتی سەرنجی لەسەر شکسپێدانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەبێت. بلومبەرگ نوسیویەتی " پێشبڕکێکەی من بۆ شکستپێدانی دانۆڵد ترامپ و بوژانەوەی ئەمەریکایە."

دەشڵێت ئێمە توانایی چوار ساڵی تری کردارە نابەجێ و نائیتیکییەکانی سەرۆک ترامپمان نییە " ئەو هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر وڵاتەکەمان و بەهاکانمان. ئەگەر تێرمێکی تری سەرۆکایەتی بباتەوە، ڕەنگە هەرگیز نەتوانین ئەو زیانانە چاک بکەینەوە."

ئەم هەڵوێستەی بلومبەرگ تەنها 10 هەفتە بەر لە هەڵبژاردنی بەرایی دیموکراتەکان دێت. بلومبەرگ میانەڕەوێکە کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ واڵ ستریت هەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت گرفتی بەدەستهێنانی دەنگی چینی لیبراڵی ناو پارتەکەی هەبێت. ئەو لە ساڵی ڕابوردوو بوو بە دیموکرات.

XS
SM
MD
LG