Accessibility links

مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە


ڕۆژی شەممە مایک پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی تری هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

پێش سەردانەکەی بۆ هەولێر پێنس سەردانی بنکەیەکی سەربازی وڵاتەکەی لە پارێزگای ئەنبار کردووە بەناوی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و لەگەڵ ژمارەیەک لە سەربازەکانی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە چەند ڕۆژێک بەر جەژنی سوپاس گوزاری لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

سەبارەت بە سەردانەکەی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان، ئازد جۆڵا ئەندامی مەکتەبی پەیوەندیە گشتیەکانی یەکێتی نشتیمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سەردانەکەی مایک پێنس بۆ عێراق سەردانێکی کوتوپڕبوو، ئەو سەرەدانە بەرنامەڕێژی بۆ نەکرابوو لەلایەن ڕێوڕەسمی دەوڵەتی و عێراقی، سەرەدانەکە تایبەتە بۆ‌ دوو هۆکار یەکێکیان پەیوەستە بەو بارۆدوخەی ناوخۆی عێراق ئەو گۆڕانکاریانەی کە ئێستا لە ئارادان بۆ‌ مەسەلەی داوای ڕەوای خۆپێشاندەران و ئەو بارۆدوخەی کە لە عێراق دەگۆڕدرێت لە مەسەلەی دەستوور لە دەسەڵاتەکان لە مەسەلەی هەڵویستی لایەنە سیاسیەکان وە لە بەردەوامی حکومەت لە ماوەی ئەو 45 ڕۆژەی کە دراوە بە دەسەڵات هەروەها

پەیامێکە بۆ عێراقیەکان و بۆ لایەنە عێراقیەکانیش بۆ مەسەلەی ئێران بۆ‌ ئحتیواکردنی زیاتری ئێران و بۆ‌ بەردەوامی خۆپێشاندانەکان و زیاتر فشار خستنە سەر ئێران وە هەتا بە‌ هەرێمی کوردستانیشەوە. پێم وایە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگە هەم لە ڕووی جۆگرافی هەم لە ڕووی ئابوریەوە لە هەموو ئـەو ڕوانەوە ڕۆڵی هەیە هەم لەگەڵ ئێران و هەم لەگەڵ بەغدا بویە هەرێمی کوردستان خاڵێکی گرنگە لە ئەجندای ئـەمڕۆی ناوچەکە بویە سەردانەکەی گرنگی زیاتر بە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی کە لەگەڵ بەغدا."

لە لایەکی ترەوە کاروخ خۆشناو سەرۆکی ئینستیتوتی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی، بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "هاتنی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕانەگەیەنراو سەرەڕای سەردانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، چوار ئامانجی تریش لەخۆدەگرێت لەوانە هۆشداریدان و ئاگادارکردنەوەی عادل عەبدولمەهدی بۆ دەستهەڵگرتن لە بەکارهێنانی توندوتێژی دژی خۆپیشاندەران و جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان و هاندانی بەرپرسانی هەرێم و بەغدا بۆ پێکهاتن سەبارەت بە کێشەهەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا هەروەها لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی خۆپیشاندانەکانی ئەم ناوچەیە بەگشتی وەکو خۆپیشاندانەکانی عێراق، لوبنان، ئێران و چاودێریکردن و بەدواداچوونی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان".

بەختیار سەعید چاودێری سیاسی بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی "سەردانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ھەولێر وەرچەرخانێکی گەورەو بزاوتێکی دبلۆماسی مەزن و پردێکی کۆنکرێتی نوێ یە بۆ کورد لە باشووری کوردستان، دەبێت زۆر باش کاری زیاتری لە سەر بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە یەکەمین ویستگەی دبلۆماسی ئەمەریکی یە ، بۆ ھەرێمی کوردستان لە پاش ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ وە پێم وایە باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی ھەولێر بۆ قۆناغی ئێستا، کە عێراق بە قۆناغێکی ھەستیاری نارۆشندا گوزەر دەکات."

شایەنی باسە دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا لەو شوێنە ئامادەبێت کە بۆ میدیا دیاری دەکرێت سەبارەت بە ڕۆماڵکردنی سەردان و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی مایک پێنس و کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان بەڵام پێیان ڕاگەیاندین کەتەنها چەند کەناڵێکی دیاریکراو دەتوانن لەوێ ئامادەبن بۆ ڕۆماڵکردن.

XS
SM
MD
LG