وەزیری بەرگری تورکیا خلوسی ئاکار ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند تورکیا لەگەڵ ڕوسیادا وتووێژ لەسەر ئەوە دەکات چۆن بوونی بەردەوامی چەکدارانی یەپەگە لەو ناوچانەدا چارەسەر بکرێت کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
ئاکار دەڵێت لە پاش ڕێککەوتنەکەی مانگی ڕابردوو لەگەڵ ڕوسیا بۆ کشانەوەی پەپەگە لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات و شارۆچکەکانی تەل ڕەفعەت و مەنبجی ڕۆژئاوای ڕوبارەکە هێرشەکانی دژ بە یەپەگە ڕاگرتووە.
تورکیا دەڵێت کشانەوەکە بەتەواوەتی ئەنجام نەدراوەو هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دەکات. بەڵام وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگێی لاڤرۆڤ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند خەریکە هەمو شتێک کۆتاییپێدێت و گوتیشی ئانکەرە مۆسکۆی دڵنیا کردۆتەوە پلانی نییە هیج هێرشێکی نوێی لەشکری ئەنجام بدات.
وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت ڕوسیا لە 29 ی مانگی 10 بە تورکیای گوتووە 34 هەزار چەکدار و زیاتر لە 3،200 چەکی قورس لە قوڵایی 30 کیلۆمەتری سنووری سوریا لەگەڵ تورکیا لابراون. خلوسی ئاکار بە کۆمسیۆنێکی پەرلەمانی تورکیای ڕاگەیاند " ئەنجامە ناڕاستەکانی ئەم بەڵێنەمان لەگەڵ ڕوسیادا تاوتوێ کردووە."
گوتیشی تورکیا بۆی دەرکەوتووە یەپەگە هێشتا لە ناوچەکانی مەنبجدان و داوای لە ڕوسیا کردووە دەبێت ئەمە چارەسەر بکات.
تورکیا و ڕوسیا پشتیوانی لە لایەنی جیاوازی شەڕی ناوخۆی هەشت ساڵەی سوریا دەکەن بەڵام لە چەندین شوێندا پێکەوە کاریان کردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی ئەسەد بە پشتیوانی ڕوسیا و هێزەکانی ئۆپزسیۆن بە پشتیوانی تورکیا.
هەردوو وڵات لە ساڵی 2018 ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە ئیدلب. بەڵام سەرەڕای ڕێککەوتنەکە شەڕ لەوێ بەردەوام بوو.