Accessibility links

جارێکی دیکە خۆپیشاندەران لە پایتەختی عێراق بەرەو پردەکەی ناوەڕاستی شارەکە دەڕۆن


ڕۆژی شەممە خۆپیشاندەران دەستیانکردەوە بە مانگرتن لەسەر یەکێک لە پردەکانی ناوەڕاستی بەغدا ئەمەش لەکاتێکدا ڕوویدا پاش ئەوەی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بۆماوەی زیاد لە دوو هەفتە بەریان بە هەر پێشڕەوییەکی خۆپیشاندەران گرتبوو بەهۆی رووبەڕووبونەوەیان لەماوەی ئەو چەند ڕۆژەی پێشوودا بەڵام پاشەکشێیان کرد.

زیاد لە سێ هەفتەیە خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە گپۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەختی عێراق داوای ڕوخانی حکومەت و گۆڕینی ئەو چینەی دەسەڵاتدارەی عێراق دەکەن کە پێیانوایە لەماوەی ئەو 16 ساڵەدا بوونەتە مایەی گەندەڵی و نادادپەروەری لەوڵاتەکەدا.

پێشتر خۆپیشاندەرانی ناڕازی توانیبویان کۆنتڕۆڵی چوار پردی سەرەکی ناو بەغدا بکەن کە لەسەر ڕووبەری دیجلەن و ڕۆژهەڵاتی بەغدا بە ڕۆژئاوای شارەکەوە دەبەستێتەوە کە ناوچەی سەوزی لێیە شوێنی بارەگا و دامەزراوە حکومییەکان و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی بیانی.

بەڵام هێزەکانی پۆلیسی کۆنترۆڵکردنی ئاژاوەگێڕی لەماوەی ئەو دووهەفتەی پێشوودا توانیبوویان سێ لە پردەکان و گەڕەکەکانی دەوروبەریان کۆنتڕۆڵبکەنەوە، بەڵام خۆپیشاندەران گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی تەحریر و پردی کۆماری بۆ نێو رێژنەی گولەی فرمێسکرێژ و فیشەکی ئاڕاستەکراو.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەمەبەستی کارئاسانیکردن بۆ هاوتوچۆی هاوڵاتیان، جارێکی دیکە ڕێگەی سەرەکی تەیران-خەلانی کە دەکەوێتە سەر شەقامی کۆماری- شۆریجە لە ناوەڕاستی بەغداد کراوەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، داوا دەکەن ئەو خۆپیشاندەرانەی لە گۆڕەپانی تەحریر و دەروبەری ماونەتەوە و ئەوانەشی لە ناوچەکانی خەلانی و سنک ماون پارێزگاری لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بکەن و موڵکی گشتی و تایبەت بپارێزن.
خۆپیشاندانەکانی عێراق کە ماوەی شەش هەفتەیە بەردەوامە یەکێک لە داوکارییەکانیان بڕینی موچەی پلەباڵاکانە کە دەرماڵەکانیان %70ی موچە پێکدەهێنێت، و داواش دەکەن خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە زیاتر بکرێت. هاوکات داواش دەکەن دەستەی نەزاهە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات.
لە ماوەی دو هەفتەی ڕابوردوودا و لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان پەرلەمانتار، وەزیری پێشو، پارێزگاری ئێستا و پێشو، بەڕێوەبەری گشتی ئێستا وپێشوی عێراق دەرچوە و زۆرینەشیان بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان دەستگیر دەکرێن.
تا ئێستا بەڵێنەکان خۆپیشاندەرانیان رازینەکردووە و بەردەوامن لە خۆپیشاندان، بەپێی دواین زانیارییەکانیش زیاتر 325 کەس کوژران و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش برینداربون.

XS
SM
MD
LG