Accessibility links

چەند سیناتۆرێکی کۆماری و دیموکرات داوای ڤیزای دەستبەجێ بۆ ژەنەڕڵ مەزڵوم کۆبانی دەکەن


سیناتۆرە کۆماری و دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە داوایان لە وەزارەتی دەرەوە کردووە دەستبەجێ ڤیزا دابین بکەن بۆ ئەوەی سەرکردەی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات بتوانێت سەردانی ئەمەریکا بکات بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە.

لینزی گراهم و مارشا بلاکبەرنی کۆماری لەگەڵ کرس ڤان هۆڵن، جین شاهین و ڕیچرد بلومێنتەڵی دیموکرات نامەیەکیان بۆ وەزیری دەرەوە مایک پۆمپەیۆ نوسیوە داوایان لێکردوو دەستوبرد بکرێت لە پرۆسەی ڤیزا بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانی.

ئەوان لە نامەکەدا نوسیویانە " ئەگەر بڵێین ئێمە لە بێئەندازە نیگەرانی ئەو دۆخەین کە ئێستا لە باکوری سوریا لە ئارادایە تەواو ڕاست نییە، و لە بەرژەوەندی کۆنگرێس و بەڕێوەبەرایەتییەکەی ترامپیشدایە کە گوێ لە خودی کۆبانی بگرن."

دواکارییەکەی ئەو سیناتۆرانەی ئەمەریکا چەند کاتژمێرێک پاش ڕاگەیاندنی سەرۆک ترامپ هات کە گوتی ئاگربەستەکەی باکوری سوریا هەمیشەییەو ئەو سزایانەشی لادا لەسەر تورکیا کە لە ئەنجامی هێرشەکان داینابوو.

ئەم یاسادانەرانەی کە ئەم نامەیەیان نوسیوە چەند دەنگێکی بەهێز بوون لە نێو کۆنگرێسی ئەمەریکا کە ڕەخنەی توندیان لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا گرت، کە زۆر کەس بە پشتتێکردن لە کوردەکان لێکیان دایەوە.

XS
SM
MD
LG