Accessibility links

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە


ژان ئیف لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەدوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانیان سازکرد.

لە کۆنفرانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: " باسی دۆخی ئێستای عێراق و گفتوگۆ و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدامان کرد وگرنگی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا. هەروەها دوایین پێشهاتەو و پەرەسەندنی ناوچەکە بەگشتی و دۆخی سوریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی فورات لەم کۆبوونەوەیەدا بەشێوەیەکی گشتی باسکرا.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بارزانی هەروەها گوتیشی ئێمە نیگەرانی دۆخی مرۆیین و ئەگەری ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە. بەتایبەتی کە ژمارەیەک لە گرووپە تووندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لە کردارە سەربازییەکاندا بەشدارن. لەلایەکی دیکەشەوە پێشهاتەکان مەترسی جیدی سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن، هەڕەشەیەکی راستەقینەی جیدییە و دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی و بەرەو شڵەژان دەبەن.

ژان ئیف لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی لەگەڵ ڕێبەرانی عیراق لە بەغدا و هەولێر باسیان لە جێبەجێکردنی میکانیزمێکی دادوەری گونجاوکردووە بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی فەرەنسی و بیانی (داعش) بە باشترین شێوە.

لودریان هەروەها گوتیشی داوا لە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژ داعش کردووە ڕووبەڕووی مەترسییەکانی نۆی ببنەوە ئەوانەی هاتوونەتە ئاراوە بەهۆی هێرشەکەی تورکیا لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریادا و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش.

شایانی باسە هێرشی تورکیا بۆ باکووری خۆرهەڵاتی سوریاو و چارەنووسی زیندانیانی داعش هۆی سەرەکی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانە. لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکەی تورکیا ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش هەڵاتن، کە ئەمەش ترسی لای وڵاتانی ئەوروپا دروستکردووە.

XS
SM
MD
LG