Accessibility links

بەریتانیا فرۆشتنی کەلوپەلی لەشکری بە تورکیا ڕادەگرێت


وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دۆمنیک ڕاب
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دۆمنیک ڕاب

بەریتانیا ڕایگەیاند ناردنی کەلوپەلی لەشکری بۆ تورکیا ڕادەگرێت دووابودوای هێرشەکانی بۆسەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەکاتێکدا کە پێداچوونەوە بەسەر فرۆشتنی چەک دەکات بەو وڵاتەی هاوپەیمانی ناتۆ.

وەزیری دەرەوە دۆمینیک ڕاب لە بەیاننامەیکەدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند " ئێمە هەناردەکردنی کەلوپەلی بەرگریمان بۆ تورکیا دەخەینە ژێر پێداچوونەوەیەکی ورد وبەردەوامەوە."ئەو گوتیشی " چی تر مۆڵەتی ناردنی ئەو کەرەستانە بۆ تورکیا نادرێت کە ڕەنگە لە هێرشی لەشکری لە سوریا بەکاربێن لە کاتێکدا ئێمە ئەو پێداچوونەوەیە دەکەین."

هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر هێزە کوردییەکان کە لە هەفتەی ڕابوردوو دەستیپێکرد بووە هۆی کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی. ڕاب دەڵێت ئەو هێرشانە " ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەی بنکۆڵکرد."

ئەو بە یاسادانەرانی ڕاگەیاند " ئێمە چاوەڕوانی ئەم کردارەمان لە هاوپەیمانێکی ناتۆ نەدەکرد، ئەمە کردارێکی سەرشێتانەیە، زیانبەخشە ئەمە بە تەواوەتی لە بەرژەوەندی ڕوسیا و ڕژێمی ئەسەدە."

هەر لە ڕۆژی سێشەممە سکرتێری گشتی ناتۆ ژەنەڕاڵ یەن ستۆلتنبەرگ لە لەندەن تاوتوێی ڕەوشەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆریس جۆنسن کرد.

لە پاش کۆبونەوەکەیان ستۆلتنبەرگ گوتی، ڕاگرتنی ناردنی چەک ئەوە نیشان دەدات " زۆربەی هاوپەیمانانی ناتۆ زۆر ناڕازین و هێرشە لەشکرییانە بۆ سەر باکوری سوریا شەرمەزار دەکەن."

ڕاگرتنی فرۆشتنی کەرەستەی لەشکری بە تورکیا لەلایەن بەریتانیاوە هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوی هاوشێوەی چەند هاوپەیمانێکی تری سەرەکی ناتۆ لەناویاندا فەرەنسا وئەڵمانیاش کە یەکێکە لە فرۆشیارە هەرە سەرەکییەکانی کەرەستەی لەشكری بە ئانکەرە.

لە هەمانکاتدا ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هۆشداری دا تورکیا ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە لەسەر ئەو کردارانەی بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد واشنتن نایەوێت بکەوێتە شەڕێکی چەکدارییەوە لەگەڵ ئانکەرە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش گوتویەتی هەڕەشەکانی سزا و گەمارۆی چەک لەسەر وڵاتەکەی نابنە هۆی ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.

XS
SM
MD
LG