Accessibility links

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت ئامادەیە بۆ هەر پێشهاتەیەک هاوکاتی گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا


سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئەو سوپایە ئامادەیە بۆ هەر شەڕێک یان پێشهاتێک. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهاندا تێکچووە و ئەمەریکاش دەڵێت گوایە ئێران دەستی هەبووە لە هێرشەکەی هەفتەی ڕابوردوو بۆ سەر دامودەزگایەکی سەرەکی نەوتی عەرەبستانی سعودیە کە زیانی گەیاند بە بازاری وزەی جیهانی.

ئێران نکوڵی لەوە دەکات کە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەی 14 ی مانگی 9 کە سەرەتا حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی ئەو هێرشەیان گرتە ئەستۆ. وەزیری دەرەوەی ئێران مەحەمەد جەواد زەریف کە ئێستا لە نیو یۆرکە بۆ کۆبونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری ئەوەی داوە هەر هێرشێکی تۆڵە سەندنەوە لە ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە یان عەرەبستانی سعودیەوە دەبێتە هۆی شەڕێکی سەرتاسەری.

ڕۆژی شەممە ژەنەڕاڵ حوسەین سەلامی لە ڕێوڕەسمێکدا، بۆ نیشاندانی پارچەکانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی ئەمەریکا کە ئێران لە مانگی 6دا خستییە خوارێ، گوتی هێزەکانی مەشقو ڕاهێنانی شەڕیان کردووە و بۆ هەمو سینارۆیەک ئامادەن.

ئەو گوتیشی " ئەگەر هەر لایەک سنوورمان ببەزێنێت ئێمە لێی دەدەین."

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە تویتێکدا ڕایگەیاند عەرەبستانی سعودیە تەنانەت خۆشی بڕاو بەو ئیدعایەی خۆی ناکات کە ئێران بەرپرسیار بووە بەرامبەر هێرشەکە.

بەرپرسەکەی سوپای پاسدارانیش دەڵێت ئێران ناخوازێت شەڕ بەرپا بکات بەڵام دەخوازێت هۆشداری بدات بە ئەمەریکا و عەرەبستانی سعودیە کە ئێران ئامادەیە.

XS
SM
MD
LG