Accessibility links

جەواد زەریف هۆشداری شەڕێکی سەرتاسەری دەدات و پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەگەنە عەرەبستانی سعودیە


وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا هەر هێرشێک لەسەر هێرشی درۆن و موشەکی دژ بە دەزگای نەوتی عەرەبستانی سعودیە بکرێتە سەر وڵاتەکەی ئەوا دەبێتە شەڕێکی سەرتاسەری و ناکۆکییەکانی سەرانسەری کەنداو ئاڵۆزتر دەکات.

ئەم لێدوانەی زەریف بە وەڵامێک بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ دادەنرێت کاتێک بەر لە سەردانەکەی بۆ عەرەبستانی سعودیە هێرشەکەی بە " کردارێکی شەڕ" لەقەڵەم دا.

محەمەد جەواد زەریف بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN ی گوتووە " من دەمەوێت ڕایبگەیەنم کە ئێمە زۆر ڕژدین لە بەرگری کردن لە وڵاتەکەمان و زۆر بە ڕژدیش ڕایدەگەیەنم ئێمە نامانەوێت بکەوێنە شەڕێکی لەشکرییەوە." لەهەمان کاتدا زەریف گوتیشی " ئێمە چاوپۆشی ناکەین لە بەرگری کردن لە ناوچەکەمان."

مەمپەیۆ کە ئێستا لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش وەڵامی هۆشدارییەکەی زەریفی نەداوەتەوە. سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ئەو گەورە دیپلۆماتەی ئەمەریکا لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان لە جددە کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشەی کە لە ڕۆژی شەممە کرایە سەر دامودەزگا نەوتییەکانی عەرەبستانی سعودیە و سەرهەڵداوە حوسییە یەمەنییەکانی کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەیان گرتە ئەستۆ هەرچەندە ئەمەریکا لەو بڕوایەدایە ئێران خۆی هێرشەکانی ئەنجام داوە.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دەستەیەکی شارەزایانی لەسەر یەمەن گەیشتووەتە عەرەبستانی سعودیە بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر ئەو هێرشانە.

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پشکێنەران گەیشتوون و دەستیان بە ئەرکەکەیان کردووە. وردەکاری زیاتری لەسەر کارەکانیان نەدا.

XS
SM
MD
LG