Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەنگلادێش میانمار تاوانبار دەکات بۆ نەگەڕانەوەی ڕۆهینگیاکان


سەرۆک وەزیری بەنگلادێش میانمار تاوانبار دەکات بۆ سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی ئەم دوواییانە بۆ گێڕانەوەی پەنابەرە ڕۆهینگیاکان و دەڵێت ئەو وڵاتەی دراوسێی کاری پێویستی نەکردووە بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی ئەو کۆمەڵگایە.

لێدوانەکانی شێخ حەسینا سێ هەفتە پاش هەوڵێکی نوێی گێڕانەوەی کۆمەڵگای کەمینەی موسوڵمانەکان بوو بۆ هەێمی ڕاخاینی میانمار کە کەسیان نەگەڕانەوە.

نزیکەی 740 هەزار ڕۆهینگیا دوابەدوای سەرکوتکردنەکان لەلایەن لەشکرەوە لە مانگی 8 ی ساڵی 2017 گوندەکانی خۆیان لە هەرێمی ڕاخاین بەجێهێشت و هەڵاتن بۆ بەنگلادێش کە پێشتریش نزیکەی 2 سەد هەزار لەوانە لە کەمپەکانی سەرانسەری سونوری باشوری ڕۆژهەڵاتی بەنگلادێش دەژیان.

شێخ حەسینا درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە لە پەرلەمانی وڵاتەکە گوتی " ئێمە بینیمان میانمار نەیتوانی متمانەی ڕۆهینگیاکان بەدەستبهێنێت لە دروستکردنی بارێکی گونجاو لە ڕاخاین بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە بگەڕێنەوە".

ئەو گوتیشی " ئێمە بە تەواوەتی ئامادەکاریمان کردبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پرۆسەی گەڕانەوەی ڕۆهینگیاکان بۆ سەر ماڵ و حاڵ و زەوی و زاری خۆیان دەستیپێنەکرد".

حەسینا گوتیشی ئەو داوای لە وڵاتانی تری ئاسیا لە ناویاندا، چین، هندستان و ژاپۆن کردووە هاوکاری بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە.

لێدوانەکانی حەسینا ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی داهکایە لەسەر نەبوونی چارەسەری بۆ قەیرانی پەنابەران لە وڵاتەکەدا.

ڕێبەرانی ڕۆهینگیا بە بەردەوامی دەڵێن پەنابەرەکان ناگەڕێنەوە خاکی خۆیان هەتا ئەو کاتەی متمانەی پارێزراوی، مافەکانیان و هاووڵاتی بوونیان پێ نەدرێت.

ڕۆهینگیاکان وەکو کەمینەیەک بە فەرمی لەلایەن حکومەتی میانمارەوە دانیان پێدا نەنراوە و بە بەنگالی ناودێر دەکرێن سەرەڕای ئەوەی چەندین نەوەیە لەو وڵاتەدا دەژین.

XS
SM
MD
LG