Accessibility links

ڕاگرتنی وتووێژەکانی ئەمەریکا لەگەڵ تالیبان، ئەفغانستان بەرەو هەڵبژاردنێکی لاواز دەبات


ڕاگرتنی وتووێژی نێوان ئەمەریکا و تالیبان لەلایەن سەرۆک ترامپەوە دەرفەتە بۆ سەرۆکی ئەفغانستان، کە سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەرەکی لە ماوەی کەمتر لە سێ هەفتەدا سەرەڕای ئەوەی پێشبینییەکی زۆر دەکرا کە ڕێککەوتنی ئاشتی ئەو هەڵبژاردنە وەلاوە بنێت. ئێستا کە سەرۆک ترامپ وتووێژەکانی لەگەڵ تالیبان بۆ کۆتاییهێنان بە درێژدەمترین شەڕی ئەمەریکا ڕاگرت، ئەفغانستان دەستبەجێ ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەبێتەوە سەرەڕای هۆشدارییەکانی کە ئامادە نییە شیانەی مەترسی زیادبوونی توندوتیژییەکان.

تالیبان کە کۆنترۆڵی نزیکەی نیوەی وڵاتەکە دەکات بە ئەفغانییەکانی ڕاگەیاندووە بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن و هۆشداری داوە کۆڕوکۆبونەوەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن و بنکەکانی دەنگدان دەکرێنە ئامانج.

لە کاتێکدا سەرۆک ترامپ ئەو وتووێژانەی ڕاگرت کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی 18 ساڵە لەگەل تالیباندا بەڕێوە دەچوون، لە ئێستادا ئەو گروپە یاخیبووە زۆر توڕەیە و بەڵێن دەدات بەردەوام بێت لە شەڕکردن.

لە میانەی بەیاننامەیەکیدا بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە، گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهد ڕایگەیاندووە " واشنتن پەشیمان دەبێتەوە لەوەی پشتی کرد لەو وتووێژانەی کە لەلایان کاربەدەستانی باڵای هەردوولاوە ئەنجام دەدران."

موجاهد گوتوشیەتی " ئێمە دوو ڕێگامان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەداگیرکاری لە ئەفغانستان، یەکێکیان جیهاد و شەڕکردن بوو، ئەوی تریش دانوستاندن و وتوێژکردن بوو. ئەگەر ترامپ دەخوازێت وتووێژەکان ڕابگرێت ئێمە ڕێگای یەکەم هەڵدەبژێرین و ئەوان زوو پەشیمان دەبنەوە."

سەرۆک ترامپ دەڵێت لە ئێستادا وتووێژەکان تەواو بوون.

ڕاگەیاندنە چاوەڕوان نەکراوەکەی سەۆرک ترامپ بۆ کۆتاییهێنان بە وتووێژەکان لە بەرژەوەندی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی‌دایە، کە لە وتووێژەکاندا پەراوێز خرابوو لە کاتێکدا تالیبان دان بە حکومەتەکەیدا ناهێنان و بە بووکەڵەی ئەمەریکا ناودێری دەکەن. غەنی سوور بوو لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکانی 28 ی مانگی 9 لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت تەنانەت لەو کاتەشدا کە وا دیاربوو ئەمەریکا خواستی نیشان دابوو بۆ مۆرکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ تالیبان و دەستبەجێ دەستپێکردنی وتووێژی نێوان لایەنەکانی ئەفغانستان لەسەر دهاتووی سیاسی وڵاتەکە.

ڕۆژی شەممە سەرۆک ترامپ لە ناکاو ڕایگەیاند وتوێژە نهێنییەکان لەگەڵ تاڵیبان و سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی لە کامپ دەیڤد ‌هەڵدەوەشێنێتەوە. ئامانج لەو وتوێژانە واژۆکردنی ڕەشنووسی ڕێکەوتنی ئاشتی بوو بۆ کۆتای هێنان بە جەنگی ئەفغانستان.

سەرۆک ترامپ وتی بۆی دەرکەتووە کە ناکرێت دانوستانەکان بەردەوام بن دوای ئەوەی تاڵیبان هەفتەی ڕابردوو بەرپرسیارێتی هێرشەکەی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانی گرتەئەستۆ کە تیایدا سەربازێکی ئەمەریکایی کوژرا. سەرەڕای بەڕێوەچوونی دانوستانەکان، هێشتا توندوتیژیەکان لە کابوڵی پایتەخت بەردەوام بوون.

هەروەها سەبارەت بە کشاندنەوەی هەندێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، سەرۆک ترامپ وتی " دەمانەوێت بکشێینەوە بەڵام لەکاتێکی گونجاودا دەکشێینەوە."

XS
SM
MD
LG