Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: هەرێم هادی


هەرێم هادی
هەرێم هادی

بەلای هەندێک لە ڕوناکبیرانەوە هێشتا زمانی کوردی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە زمانێکی پاراو ناودێر بکرێت و وەها دادەنرێت لە قۆناغی بەرایی خۆیدایە تا ببێتە ئەو زمانە پاراوەی بتوانێت سەروسەودا لەگەڵ فەلسەفەدا بکات.

وەک دەگوترێت، تا زمانی کوردی بگاتە خانەی پاراو بوون ئەوا پێویستی بە نوسینەوەی هزر هەیە بە شێوەیەک کە مانای فەلسەفی لە خۆ بگرێت. زمان هەر تەنها لە وشەدا سنوردار نییە بەڵکو مانا بەشێکی سەرەکییەتی لەو سۆنگەیەوەی مانا، پێکهاتە و بەها و پەیوەندی نێوان وشەکان دەردەخەن و ڕێکیان دەخات و بیرکردنەوەی باش بەرهەم دەهێنێت کە دەشێت هێندە تۆکمە بێت بتوانێت زمان ڕابکێشێتە قۆناغێکی نوێوە.

هەربۆیە لە هەموو قۆناغەکانی گەشەکردنی زماندا پێویستییەکی زۆر هەیە بە ژمارەیەکی بەرچاوی نوسەر کە خواست و ئارەزوویەکی زۆریان هەبێت لەگەڵ تێکستە فەلسەفییەکاندا بە ئەندازەی قاڵ بوونەوە.

ئەڵبەتە لێرەدا یەکێک لەو پرسیارانەی کە پێویستە بکرێن سەبارەت زمانی کوردی و فەلسەفە ئەوەیە: ئایا وشە و ڕستەی فەلسەفیانە لە خۆ دەگرێت کە هاوڕایی لەسەر هەبێت بەتایبەتی لەنێوان ئەوانەی لە بواری فەلسەفەدا دەنوسن یان تێکستەکان وەردەگێڕنە سەر زمانی کوردی.

هێشتا نازانرێت ئایا ئەو هاوڕاییە هەیە یان نا چونکە هێندە کتێبی فەلسەفی لە کتێبخانەکاندا نین تا بتوانرێت ئەوە بەرەنجامەی لەسەر هەڵبچنرێت، ئەمە بێ لەوەی (ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم) هێشتا نێوەندێکی فەلسەفی دروست نەبووە کە بتوانێت کار لەسەر هێنانە ئارای ئەو هاوڕاییە بکات.

فەلسەفە لە سادەترین پێناسەیدا قاڵبونەوە و قسەکردنە لەسەر گەردوون، مرۆڤ، شوێن و کات، دژەبەرەکانی وەک ژیان و مەرگ، تاریکی و ڕوناکی، هەست و نەست و هتد. بەردەوام لە فەلسەفەدا پرسیار دەکرێت وەک ئەوەی بپرسین بۆ ئێمە هەین؟ ئایا هەرگیز دەتوانین وەڵامی ڕەها بۆ شتەکان و پەیوەندییەکانمان ببینینەوە؟ ئایا ئێمە ئازادین؟ وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە پرسیارانە جیاوازی نێوان زانست و فەلسەفە دەردەخات، زانست دەتوانێت وەڵامەکانی خۆی بسەلمێنێت بەڵام فەلسەفە لەسەر بنچینەی ڕامان و قاڵبوونەوە و لێکۆڵینەوەکانی خۆیەوە تەواوی شتەکانمان بۆ ڕاڤە دەکات.

هەرێم هادی، نوسەر و لێکۆڵەر هەوڵەکانی خۆی لە بواری فەلسەفەدا چڕ کردۆتەوە و دەخوازێت لە پاش خوێندنەوەی کتێبەکانی، دیالۆگێکی هزری لەگەڵ خوێنەرانیدا دروست بکات لە پێناو ئامانجێکی سادەدا کە بریتییە لە "هاندانی بیرکردنەوەی زیاتر و قوڵتر."

یەکێک لەو خاڵانەی جێی سەرنجم بوو پاش خوێندنەوەی کتێبی (عەقڵ لە بەرامبەر خودادا) ی نوسەر هەرێم هادی، ئەوەیە کە نەیویستووە پێمان بڵێت دەبێت یان پێویستە وەها بیربکەینەوە، نا، بەڵکو هاتووە دیالۆگێکی ئەقڵانیمان لەگەڵدا دەکات و بە خۆمان بزانین یان نەزانین دەمانخاتە بەردەم بیرکردنەوە و قاڵ بوونەوە لەو شتانەی دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان تابو بووبن و هێدی هێدی دەمانبات بەرەو بیرکردنەوەیەکی ڕەخنە ئامێز لەسەر بنەمای پرەنسیپە لۆژیکییەکان.

هەرێم هادی، بەلایەوە گرنگە خوێنەرەکانی میتۆدی گەیشتن بە بەرەنجامەکان لە کتێبەکەیدا هەڵگرنەوە و داواشیان لێدەکات بە بەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی قایل نەبن ئەگەر بێتوو ئەو قایل بوونەیان بەرەنجامێک نەبێت بۆ بیرکردنەوەی قوڵ.

ئەم کتێبەی هەرێم پشتیوانی لە هەموو پرسیارێکی نوێ و لە هەموو گومانێکی بابەتیانە دەکات کە بە زمانێکی لۆژیکی گوزارشت لە قۆناغی خۆی دەکات.

ئایا ئامانج چییە لە نوسینی کتێبی ( عەقڵ لەبەرامبەر خودادا) ؟

ئایا کتێبە فەلسەفییەکان دەتوانن چ شتێک زیاد بکەنە سەر ڕۆشنبیریی کوردی؟

ئایا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، ئامادەیی هەیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا؟

هەرێم هادی، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:15 0:00


XS
SM
MD
LG