Accessibility links

هۆنگ کۆنگ لە یاسای گرێدانی بە چینەوە دەکشێتەوە


ڕێبەری هۆنگ کۆنگ کاری لام ڕۆژی چوارشەممە لە یاسای گرێدانەوەی هۆنگ کۆنگ بە چینەوە کشایەوە لە کاتێکدا ئەو یاسایە بوو بەهۆی خۆپیشاندانی توندوتیژی چەند مانگی لە هۆنگ کۆنگ.

ڕاگەیاندنەکەی لە سەر تەلەفیزیۆن پاش ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز بوو لە ڕۆژانی هەینی و دووشەممە کە ئاشکرای کرد بێژینگ پێشنیازێکی پێشتری لامی پوچەڵ کردبۆوە بۆ کشانەوە لەو یاسایە و لەو تۆمارە دەنگییەی کە دەست ئاژانسی ڕۆیتەرز کەوتووە لام بە شێوەیەکی نهێنی گوتبوی ئەو دەستلەکار دەکێشێتەوە ئەگەر بتوانێت.

ڕێبەری هۆنگ کۆنگ لام لە دەمی ڕاگەیاندنەکەیدا گوتیشی " توندوتیژییە بەردەوامەکان بونیادە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگاکەمان دەشێوێنێت بە تایبەتی فەرمانی یاسا."

کشانەوە لەو یاسایە یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپێشاندەران لەو شارەی کە نزیکەی حەوت ملیۆن دانیشتی هەیە و کۆلۆنی پێشوی بەریتانیا بوو. ئەم یاسایە کۆمەڵگاکەی بە تەواوەتی دابەش کردبوو. زیاتر لە 1000 کەسیش لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر کران.

لام گوتی حکومەت بە فەرمی لەو یاسایە دەکشێتەوە بە مەبەستی ئەوەی بە تەواوەتی هاوکاری نیگەرانییەکانی خەڵکی بکات.

ئەو گوتی " من بەڵێن دەدەم حکومەت بە شێوەیەکی ڕژد بەدواداچوون دەکات بۆ پێشنیازەکانی ئەنجومەنی سەربەخۆی پۆلیس. لەم مانگەوە من و کاربەدەستانی هاوکارم پەیوەندی بە کۆمەڵگاکانەوە دەکەین بۆ دەسپێکردنی وتووێژی ڕاستەوخۆ... پێویستە ئێمە ڕێگەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم لێکترازانەی کۆمەڵگە بدۆزینەوە و کۆتاییان پێبهێنین."

ئەو خۆپیشاندانانە لە مانگی سێ دەستیان پێکرد بەڵام لە مانگی شەش تەشەنەیان سەند و لەوکاتەوە داوای دیموکراسییەکی زیاتر بۆ ئەو شارە دەکەن کە لە ساڵی 1997 گەڕایەوە ژێر دستی چین.

بە پێی ئەو یاسایە ڕێگە دەدرا هۆنگ کۆنگ گرێ بدرێت بە چینەوە کە لەوێ دادگاکان لەلایەن پارتی کۆمنیستەوە کۆنتڕۆڵ کراون.

XS
SM
MD
LG