Accessibility links

لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن هێشتا شیانی هاککردنی سیتمی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا هەیە


بە پێی زانیارییە نوێیەکان 1 لەسەر 10 ی دەنگدەرانی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا بۆی هەیە لە ئامێری ئیلیکترۆنی بێ وەرەقەوە دەنگی خۆیان بدەن. ئەمەش شیانی هاککردنی دەنگەکانیان دەهێنێتە گۆڕێ.

لێکۆڵینەوەیەکی کە لەلایەن نێوەندی بێرنان بۆ دادپەروەری لە بەشی یاسای زانکۆی نیویۆرک کراوەو ڕۆژی سێشەممە بڵاو کراوەتەوە هەڵسەنگاندن بۆ پاراستنی دەنگەکان لە ئەمەریکا دەکات. لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات لەو کاتەوەی ڕوسیا لە ساڵی2016 دەستی خستە نێو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پێشوەچوونی بەرچاو لە ئاستی ولایەتەکان و حکومەتی فێدراڵی کراوە بۆ پاراستی دەنگەکان بەڵام شارەزایان دەڵێن چەندین ولایەت هەنگاوەکانیان تەواو نەکردووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی جارێکی تر شتی وا ڕوونەداتەوە.

ئەو ڕاپۆرتە ئاماژە بەوەش دەکات نزیکەی سێ بەشی هەمو بنکەکانی دەنگدان شێوە ئامێرێکی دەنگدان بەکار دەهێنن کە بەلایەنی کەم 10 ساڵ کۆنە، سەرەڕای ئەوەی پێشنیاز دەکرێت هەمو ساڵ جارێک بگۆڕدرێن. لە مانگی ڕابوردووشدا ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد ڕایگەیاند لە سیستمەکانی ئەو ئامێرانەدا سۆفوێری کۆنی ویندۆ 7 بەکاردێت کە بەم زووانە ئیتر نامینێت.

ڕاپۆرتەکە پێشنیاز دەکات " پێویستە ئەو دەزگا کۆنانە بگۆڕدرێن بە تایبەتی ئەو دەزگایانەی کە وەرقەی تیادا بەکار نایات."

ئەم ڕاپۆرتانەش لە کاتێکدایە کە کۆنگرێس تاوتوێی ئەوە دەکات تا چ ئاستێک هاوکاری حکومەتی فێدراڵی پێویستە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی سیستمی هەڵبژاردنی ولایەتەکان. دیموکراتەکان پێشنیازێکیان خستۆتە ڕوو بۆ دانانی ئەو دەزگایانەی کە پێویستی بە وەرەقە هەیە، هاوکاری ولایەتەکان بکرێت و پارەی زیاتریان پێ بدرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو چاکسازیانە. بەڵام هەندێک لە کۆمارییەکان لە ناویاندا سەرۆکی زۆرینەی سینات مچ مکكانەڵ، دژی ئەوەن کە حکومەتی فێدراڵی دەستبخاتە نێو هەڵبژاردنەوە.

نێوەندی بێرنان بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی تۆمارکردنی ناوەکان بۆ دەنگدان وا مەزەندە دەکات 12٪ ی دەنگدەران یان نزیکەی 16 ملیۆن کەس لە مانگی 11 ی ساڵی 2020 دا لەو ئامێرانەوە دەنگ دەدەن کە وەرەقەی تیادا بەکار نایات. شارەزایانی پاراستنی دەنگەکان دەڵێن ئەو سیستمانەی کە بە وەرەقە دەنگ دەدەیت باشتر دەنگەکە دەپارێزێت چونکە دەنگەکان بە دوو جۆر تۆمار دەکرێن و بەر لە دەنگدانەکەش دەنگدەر دەتوانێت جارێکی تر پێداچوونەوەی بەسەردا بکات و پاشانیش بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان دەتوانرێت بەکاربهێندرێن.

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی پێشوودا 14 ولایەت لەو جۆرە دەزگایانەیان بەکار هێنابوو کە وەرەقەی تیادا بەکار نایەت، بەڵام نێوەندی بێرنان دەڵێت لە بۆ ساڵی 2020 ئەو ژمارەیە دەگاتە نزیکەی 8 ولایەت.

ولایەتەکانی کە ڕەنگە هێشتا ئەو سیستمە کۆنە بەکار بهێنن بریتین لە ئیندیانا، کەنساس، کەنتاکی، لوسیانا، نیوجێرسی، مسسپی، تێکساس و تێنسی.

ولایەتەکانی ئارکەنسا، ڤێرجینیا و دلاوێر لە پاش هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016 وە دەزگاکانیان گۆڕی بۆ ئەو جۆرەی کە وەرەقەی تیادا بەکار بێت. جۆرجیا، کارۆلاینای باشور و پێنسلڤانیاش بەڵێنیان داوە هەتا دەمی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020 بیگۆڕن.

وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی لە ساڵی 2017 دا 21 ولایەتی ئاگادار کردەوە کە سیستمەکانیان لەلایەن ڕوسیاوە کرابوو بە ئامانج.

XS
SM
MD
LG