Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری ڕاگرتنی دەیان ماڵپەڕو تۆڕی کۆمەڵایەتی دەدات


دادگایەکی تورکیا بە بیانوی " ئاسایشی نیشتمانی" فەرمانی ڕاگرتنی ماڵپەڕی دەنگوباسی بیانەتی داوە کە ماڵپەڕێکی بەناوبانگە بۆ ڕووماڵکردنی دۆسێکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤەوە.

بڕیارەکە هەوروها 135 ماڵپەڕ و تۆڕی کۆمەڵایەتی تر دەکاتە ئامانج لە ناویانداYouTube و ڤیدۆکانی DailyMotion و هەروها هەژماری تویتەری ئەندامی پەرلەمانی کورد ئۆیا ئیرسۆی.

دادگاکەی ئانکەرە لەسەر داوای پۆلیس وەک دەڵێت بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و فەرمانی گشتی بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە چۆن ئەم بڕیارەی داوە.

بیانەت لە ساڵی 1997 لە ئەستەنبوڵ دامەزرا و لە تورکیا بە وتارەکانی لەسەر مافەکانی مرۆڤ، توندوتیژی دژ بە ژنان و ڕووماڵکردنی چڕی دادگاییەکانی پەیوەست بە ئازادی ڕادەربڕینەوە بەناوبانگە. وتارەکانی ئەم ماڵپەڕە بە تورکی، ئینگلیزی و کوردی بڵاو دەکرێنەوە.

پارێزەری ماڵپەڕەکە دەڵێت " لە هەر ساتێکدا بێت ماڵپەڕەکە بە تەواوەتی ڕادەگیرێت."

بیانەت لە بابەتێکدا نوسیویە بە داخستنی ماڵپەڕەکەی زیاتر لە 200 هەزار نوسینیان لەدەستدەچێت.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ بە بەردەوامی ڕەخنە لە کۆت و بەند خستنە بەردەم ئازادی ڕادەربڕین لەژێر دەسەڵاتی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە تورکیا دەگرن بە تایبەتی لە ساڵی 2016 وە کە لە پاش کودەتا سەرنەکەوتووەکەوە سەرکوتکردنێکی بەچاوی ڕەخنەگرانی حکومەت و ڕۆژنامەوانانی دەستپێکرد.

جگە لە چین تورکیا تەنها وڵاتە کە تیایدا ماڵپەڕی Wikipedia ڕابگیرێت و لە 180 وڵاتان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری 157 هەمین وڵاتە لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG