Accessibility links

کاربەدەستێکی تاڵیبان دەڵێت لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر دوو خاڵی ناکۆک بە چارەسەر گەیشتوون


کاربەدەستێکی تالیبان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و تالیبان لە تووێژەکانی ئاشتی نێوانیاندا جیاوازیییەکانیان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و مسۆگەرکردنی ئەوەی ئەو گروپە یاخیبووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی تر ببڕێت، چارەسەر کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی دوو ڕۆژە وتووێژ لە نێوان تالیبان و ئەمەریکا لە وڵاتی قەتەر کە ئۆفیسی سیاسی تالیبانی لێیە بەڕێوە دەچێت.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لایەنی ئەمەریکا پشتڕاستی نەکردۆتەوە یان هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەوە بڵاو نەکردۆتەوە کە چ شتێک چارەسەر کراوە، بەڵام شاندی ئەمەریکا تەنها ئەوەندەی ڕاگەیاندووە کە " پێشوەچوونێکی زۆرباش" لە وتووێژەکاندا ئەنجام دراوە.

ئەو کارەبەدەستەی تالیبانیش کە هەواڵەکەی ڕاگەیاندووە بە مەرجێک قسەی کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت.

ڕۆژی سێشەممە وتووێژەکان لەسەر شتە تەکنیکییەکان لە نێوان هەردوولا لە دۆحا بەردەوام بوو.

نوێنەری ئاشتی ئەمەریکا زاڵمای خەلیل زاد، کە دەستنیشان کراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نزیکەی 18 ساڵەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، وتووێژەی نێوان ئەفغانیەکان و ئاگربەستێکی هەمیشەیی کردووە بە خاڵی سەرەکی ئەم خولەی وتووێژەکان.

خەلیل زاد بەرلەوەی دەرچێت بۆ نیو دهلی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە " ئێمە پێشوەچوونێکی زۆر باشمان کرد" لە وتووێژەکانی ئاشتیدا.

ئەم وتووێژانەی قەتەر حکومەتی ئەفغانستان تیایدا بەشدار نییە. تالیبان ئامادە نەبوو وتووێژەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتدا ئەنجام بدات و حکومەتەکەی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشڕەف غەنی بە بووکەڵەی ئەمەریکا ناودێر دەکات.

سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین خولی وتووێژی ئاشتی لەگەڵ شاندی ئەمەریکا، بەڵام تالیبان لە توندوتیژی و هێرشەکانی لە ناو ئەفغانستان بەردەوامە.

لە ئێستادا تالیبان نزیکەی نیوەی خاکی ئەفغانستانیان لە ژێر دەستدایە.

لە ئێستادا وا دیارە ئەمەریکا و تالیبان نزیکن لە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێنەوە و لە بەرامبەردا تالیبان متمانەی ئەوە بدات خاکی ئەفغانستان نەبێت بە شوێنی تیرۆرستان بۆ هێرشکردنی سەر وڵاتانی بیانی.

XS
SM
MD
LG