Accessibility links

مەترسیدارترین کات بۆ نەخۆشەکان ژووری نەشتەرگەری نییە


لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە کوشندەترین کات بۆ ئەو نەخۆشانەی کە نەشتەرگەری دەکەن سەر مێزی نەشتەرگەری نییە، بەڵکو کاتەکانی هاتنەوە سەر خۆیە لە نەخۆشخانە یان پاش ئەوەی کە دەڕۆنەوە بۆ ماڵەوە.

بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە لێکۆڵەران لە 28 نەخۆشخانەی جیاوازی14 وڵاتدا پێداچوونەوەیان بەسەر دۆسێی زیاتر لە 40 هەزار نەخۆشی تەمەن 45 ساڵان بەسەرەوە کردووە کە ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانەیان بۆ کراوە کە پیوەندی بە نەخۆشی دڵەوە نەبووە. لێکۆلەران چاودێری گرفتەکانی نەخۆشەکەو هۆکاری مردنەکانیان لە 30 ڕۆژی پاش نەشتەرگەری کردووە.

بە شێوەیەکی گشتی پێنج کەس یان کەمتر لەسەدا 1 ی نەخۆشەکان لەسەر ژووری نەشتەرگەری مردوون و 500 نەخۆش، یان لەسەدا 70 ی ئەوانەی مردوون لە نەخۆشخانە پاش نەشتەرگەرییەکە گیانیان لە دەستداوە. 210 کەسیش کە دەکاتە لە سەدا 29 ی ئەوانەی کە مردوون پاش ئەوە بووە کە نەخۆشەکە چۆتەوە بۆ ماڵەوە.

نزیکەی نیوەی هۆکاری مردنەکان پەیوەندی هەبووە بە گرفتەکانی وەکو، خوێن بەربوون، گرفتی دڵ و یان پیسبوونی خوێن.

دکتۆر دڤیریۆکس نوسەری سەرەکی لێکۆڵینەوەکە و بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی بەر لە نەشتەرگەری لە زانکۆی مکماستەر لە کەنەدا دەڵێت " زۆربەی خێزانەکان نیگەرانن تا پزشکی نەشتەرگەری لە پاش نەشتەرگەرییەکە پێیان دەڵێت نەخۆشەکەیان لە ژووری نەشتەرگەری ڕزگاری بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەیسەلمێنن ڕێژەیەکی زۆر کەم خەڵکی لە ژووری نەشتەرگەری گیان لە دەست دەدەن."

ناوبراو دەشڵێت " لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکەی ئێمە ئەوە نیشان دەدات پێویستە زیاتر بایەخ بە تەندروستی پاش نەشتەرگەری و گواستنەوەی نەخۆشەکە بۆ ماڵەوە بدرێت."

لە سەرانسەری جیهاندا ساڵانە نەشتەرگەری بۆ زیاتر لە100 ملیۆن نەخۆشی تەمەن 45 بەرەو سەرەوە دەکرێت.

پێشکەوتنی تەکنالۆژی و تەندروستی نەشتەرگەری سەلامەتتر کردووە بۆ خەڵکی بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا. بەڵام لە هەمان کاتدا نەخۆشەکان کاتێک دەچنە نەخۆشخانە ڕەوشیان خراپترە و بە تەندروستییەکی ئاڵۆزەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێنەوە کە جاران لەو بارەدا لە نەخۆشخانە دەهێڵرانەوە.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەرکەوتووە نزیکەی نیوەی نەخۆشەکان فشاری خوێنیان بەرزە، یەک لەسەر پێنج نەخۆشی شەکرەی هەیە و لەسەدا 13 ش کێشەی خوێنبەرەکانی دڵیان هەیە.

ئەو نەخۆشانەی لە پاش نەشتەرگەری دووچاری خوێن بەربوونی زۆر دەبن شیانی مردنیان لە ماوەی 30 ڕۆژدا دوو بەرامبەری ئەوانەیە کە تووشی خوێن بەربوون نەبوون.

ئەو نەخۆشانەش کە گرفتی دڵیان هەیە تەنانەت لە کاتێکدا نەشتەرگەرییەکە پەیوەندی بە دڵیشەوە نەبووە مەترسی مردنیان بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە نیانە دوو هێندە.

دکتۆر دڤیریۆکس دەشڵێت زۆربەی جار ڕەنگە نەخۆشەکان کێشەکان نەکەن لە کاتێکدا بەنج بەریان دەدات یان کاتێک پاش نەشتەرگەرییەکە دەرمانی بەهێزی ئازار دەخۆن. دەشڵێت " ئەمە وا دەکات نەخۆشەکان لە پاش نەشتەرگەری درەنگ درک بە کێشەکانیان بکەن و چارەسەرکردنیان دووا بکەوێت."

XS
SM
MD
LG