Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: 12 هەزار منداڵ کوژراون یان برینداربوون بەهۆی شەڕ لە جیهاندا


ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ماوەی ساڵی ڕابوردوودا زیاتر لە 12 هەزار منداڵ بەهۆی شەڕو ناکۆکییەوە زۆرترینیان لە ئەفغانستان، ناوچەی فەلەستینییەکان، سوریا و یەمەن کوژراون و بریندار بوون.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت کوشتن و برینداربوون بەشێکن لە 24 هەزار سەرپێچی تر کە دژی منداڵان کراون لەوانەشدا بەکارهێنانی منداڵ بۆ شەڕ، توندوتیژی سێکسی، ڕفاندن و هێرشکردنە سەر خوێندنگاو نەخۆشخانەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر منداڵان و شەڕ، سەرپێچییەکانی گروپە چەکدارەکان هەر وەکو خۆیان ماون بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی سەرپێچییەکانی حکومەت و هێزە نێونەتەوەییەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2017 زیادیان کردووە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و چاودێری منداڵان لە ناکۆکی چەکداری کە گروپێکی داکۆکی نێونەتەوەییە، ئاماژە بە هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە دەکات بۆ زیادبوونی زیانەکانی منداڵان لە یەمەن.

لویس کاربۆنیۆ بەڕێوەبەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت " هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە لە ساڵی 2015 وە سەرپێچییەکی زۆری دژ بە منداڵان لە یەمەن ئەنجام داوە. بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت کە هەوڵی دابێت ڕەفتارەکانی خۆی باشتر بکات و جارێکی تر لە ڕیزبەندی چاکسازییەکاندا هەر لە' زۆر خراپ نییە'دا دابنرێت ئەوا سکرتێری گشتی گاڵە بە تەواوی پرۆسەکە دەکات."

لەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە زۆرترین سەر پێچی دژی منداڵان لە ساڵی 2018 لە ئەفغانستان کراوە و ژمارەی ئەو منداڵانەی کوژراو برینداربوون 3،062 منداڵن و ئەمەش دەکاتە لە سەدا 28 ی زیانی گیانی خەڵکی سڤیل لەو وڵاتەدا. هاوکات لە سوریا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان و هێرشی بۆمبی بەرمیلی و هێرشی بۆمبی تر 1،854 منداڵ کوژراو و بریندار بوون و لە یەمەنیش 1،689 منداڵ کوژراو و بریندار بوون بەهۆی شەڕی زەمینی و هێرشەکانی تر.

لە ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان لە ساڵی 2018 دا 59 منداڵی فەلەستینی کوژراون و 2،756 منداڵیش بریندار بوون ئەمەش زۆرترین ئامارە لەوەتای ساڵی 2014 وە. لە هەمان کاتدا شەش منداڵی ئیسرائیلی بریندار بوون.

گۆتێرێس دەڵێت نیگەرانییەکی زۆری هەیە لەمەڕ زیادبوونی ژمارەی بریندارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناویاندا ئەوانەش کە بە هۆی گازی فرمێسکڕژێن بریندار بوون. ئەو داواشی لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان نیکۆلای ملادینۆڤ کرد کە لەو دۆسێیانە بکۆڵێتەوە کە بەهۆی هێزی ئیسرائیلییەوە ڕوویانداوە و داواشی لە ئیسرائیل کرد " دەستبەجێ هەنگاوبنێت بۆ کۆتایی هێنان بە بەکارهێنانی هێزی لەئەندازە بەدەر."

جۆ بێکەر، بەڕێوەبەری داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ نیگەرانی دەربڕی لەسەر ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، هێزی نێونەتەوەیی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و لەشکری ئەفغانی نەکراونەتە نێو لیستی " شەرمەزاری". هەروەها دەشڵێت گۆتێرێس لەشکری نیشتمانی سۆمالیا ستایش کردووە بۆ پاراستنی منداڵان لە کاتێکدا سەرپێچییەکان لەوێ زیادیان کردووە.

XS
SM
MD
LG