Accessibility links

گەنجێکی سوری دەستبەرداری ژیانی ئارامی بەرلین دەبێت و پەیوەندی دەکات بە بەرەکانی جەنگەوە لە ئیدلیب


لەماوەی سێ ساڵدا محەمەد نەعیمی ژیانی ئاسایی لە شاری بەرلین تاقیکردەوە کە بەهۆی شەڕو ئاژاوەکانی سوریاوە هەڵهاتبوو پەنای بۆ ئەڵمانیا بردبوو، بەڵام ژیانی تاراوگە وایلێنەکرد بگەڕێتەوە بۆ سوریا و سورە لەسەر ئەوەی چەک هەڵبگرێت و شەڕ دژی هێزەکانی رژێم بکات.

محەمەدی تەمەن 23 ساڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند و وتی "من لە بەرلین بووم، دەمخوێن و ژیانێکی ئارامم هەبوو و موچەیەکی مانگانەی خۆشم هەبوو لەهیچم کەمنەبوو بەڵام هەستم بە ئارامی نەدەکرد و بیری نیشتیمانم دەکرد و لەخەیاڵم دەرنەدەچوو."

پاش ئەوەی هەفتەی پێشوو خولێکی راهێنانی لەشکری لەلای گروپە بەرهەڵستکارەکان وەرگرت، ئێستاکە ئەو گەنجە ئامادەیە بڕوات بۆ بەرەکانی جەنگ لە شاری ئیدلیب، ئەو شارەی کە تادێ شەڕو ململانێکان تاو دەسەنێت لەلایەن رژێم و روسیای هاوپەیمانییەوە کە وا بۆ ماوەی سێ مانگە ئەو ململانێیە بەردەوامە.

ئەو کە کراسێکی رەش و پانتۆڵێکی سەربازی لەبەردابوو وتی "ئیتر بارەگا لەشکرییەکان و بەرەکانی جەنگ دەبنە ماڵی من و وە باشترە بۆ من لەوەی دانیشتووی کۆشک و تەلار بم."

هەر لەسەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ساڵی 2011 ی سوریاوە محەمەد قوتابی بوو لە پارێزگای قونەیتەڕە کە دەکەوێتە باشوری وڵاتەکەوە، ئەوەی بیرە کە چۆن بەشداری دەکرد لە خۆپیشاندانەکاندا دژی رژێم بەرلەوەی چەک هەڵبگرێت و بەشداری بکات لە جەنگەکاندا کە لەو کاتەدا گروپە چەکدارییەکان توانیان بەشێکی زۆری پارێزگای قونەیتەڕە و دەرعا کۆنترۆڵ بکەن.

بەڵام لەساڵی 2015 دا لەترسی هێرشی هێزەکانی حکومەت بە ناچاری بڕیار دەدات وڵات بەجێبهێڵێت، بە گەشتێکی دوورودرێژدا بە ناو بیاباندا دەگاتە باکوری وڵاتەکەو لەوێشەوە بەرەو توریکا دواتر سواری بەلەم دەبێت و دەچێت بۆ یۆنان و لەوێشەوە دەچێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئیتر لە وڵاتی ئەڵمانیا دەگیرسێتەوەو لەگەڵ براکەیدا سێ ساڵ بە ئارامی و خۆشی دەژین. بەڵام لەپڕێکدا بڕیاری گەڕانەوە دەدات بۆ سوریا.

XS
SM
MD
LG