Accessibility links

بەهۆی هێرشێک لە ئەفغانستان دەیان کەس دەکوژرێن


بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک و شەڕە تەقە لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەمە دەیان کەس کوژراو و بریندار بوون.

یاخیبوانی تالیبان بەرپرسیارێتی پلاندانانیان بۆ ئەو هێرشە خۆکوژییەی وەک دەڵێن، دژی نێوەندی لۆژیکی و ئەندازیاری وەزارەتی بەرگی ئەفغانی گرتۆتە ئەستۆ.

دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن تەقینەوەکەی ڕۆژی دووشەممە لە ناوەندی شارەکە لە دەمی قەرەباڵغی بەیانیاندا ڕوویدا، ئاسمانی کابوڵی بە دووکەڵێکی ڕەش داپۆشی. گەواهدەران دەڵێن گوێیان لە دەنگی تەقەو تەقینەوەی بچووکیش بووە لە کاتێکدا کە وادیارە هێرشەکە بەردەوامی هەبووبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ نەسرەت ڕەحیمی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پاش تەقینەوەکە چەند چەکدارێک چوونەتە ناو باڵەخانەیەکی بەرز کە هێشتا بە تەواوەتی بینانەکراوە و لەوێوە تەقەیان لە هێزەکانی پۆلیسی ئەفغانی کردووە.

ڕەحیمی گوتیشی هێزی تایبەتی ئەفغانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ڕەوشەکە.

سەرۆکی جێبەجێکاری ئەفغانستان عەبدوڵا عەبدوڵا ئەو هێرشەی تالیبانی شەرمەزار کرد و گوتی " ڕەفتارە تاوانکارییەکانی گروپەکە نیشان دەدات" و پەیمانی دا ئەو توندوتیژییانە ‌‌هێزەکانی ئاسایش پاشگەزناکاتەوە لە هەوڵەکانیان بۆ سزادانی ئەو کەسانەی تاوان دەکەن.

کاربەدەستێکی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند ئۆتۆمبێلەکانی نەخۆشگواستنەوە گەیشتنە شوێنێ ڕووداوەکە و بەلایەنی کەم 65 کەسیان گەیاندە نەخۆشخانە لە ناویاندا بەلایەنی کەم 9 منداڵیش.

ڕۆژنامەوانێکی بەناوبانگی ئەفغانی بیلال سەروەری لە زاری کاربەدەستانی زانیاری، پۆلی و حکومەتی ئەفغانییەوە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە بەهۆی چەند تەقینەوەیەک بەلایەنی کەم 40 کەس کوژراون و 80 کەسی تریش بریدناربوون.

هەرچەندە کاربەدەستان لە کابوڵ هەتا ئێستا وردەکاریان لەسەر ئەو ڕووداوە ڕانەگەیاندووە.

گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهید لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقێندرایەوە بەر لەوەی چەند هێرشبەرێکی خۆکوژ بچنە نێو ئەو کۆمەڵە باڵەخانەیەی کە سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەفغانین.

موجاهید گوتیشی لەو هێرشەدا دەیان ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتی بەرگری کوژراون، هەرچەندە زۆر جار تالیبان لە ئامارەکانی ‌هێرشەکاندا زیادەڕۆیی دەکات.

ئەم هێرشەی ڕۆژی دووشەممە لە کاتێکدایە کە تالیبان و وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە خولێکی نوێی وتووێژدان بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ شەڕی ئەفغانستان.

XS
SM
MD
LG