Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران، گەڕانەوە بۆ دانوستاندن یان بژارەی گەمژەیی


وێنەی دامەزراوەیەکی ناوکی ئێران

لەگەڵ ئەوەشدا کە هەروادێ و زیاتر و زیاتر کاریگەرییەکانی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا دەردەکەون کە سەپاندونیەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام کاربەدەستانی ئێرانی هێشتاش بەردەوامن لە هەڕەشەکردن.

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئێران (پەرلەمان) ئاگاهی دەدات بە ئەمریکا ئەگەر بێتوو دەستدرێژی بکاتە سەر سنورەکانی ئێران ئەوا تاران کاردانەوەیەکی زۆر توندتری دەبێت و زیاتریش دەبێت لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەمریکاییەکە.

عەلی لاریجانی جەختی کردۆتەوە لەوەی "خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ئەزموونێکی باش بووە بۆ ئێران بۆ خۆلادان لە هەر شەڕانگێزییەک."

سەرۆکی ئەمریکا ڕێگەی نەدا هێرشی بەرپەرچدەرەوە دژی دامەزراوە ئێرانییەکان بکرێت وەک سەرۆک دانۆڵد ترامپ باسی کرد ئەگەر ئەو هێرشەی ئەمریکا بکرێت ئەوا خەڵکێکی زۆری تیادا دەکوژرێن.

ئەمریکا بەردەوامە لە سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا.

دواترین سزا کە ڕۆژی دووشەممە بوو بەسەر ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپێندرا.

ئەم سزا نوێیەش لە نێوەندی هەروادێ و بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکاندایە بۆ ڕوودانی قەیرانی لەشکریانە. هەر لەم ماوەیەی ڕابردوودا کاربەدەستانی ئەمریکا لۆمەی تارانیان دەکرد بۆ ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە تەنگەی هورموزدا.

تەواوی ئەم سزایانە بەو مەبەستەن تا ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن، هەروەهاش بە مەبەستی ڕێگەگرتنە لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی، وەلێ تا کاتی ئەم بەرنامەیەش هێشتا هیچ ئاماژەیەک بە ئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانییەوە دەرنەکەوتووە تا بگوترێت خواستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ سەر مێزی دانوستاندن، هەروەهاش هەڕەشە دەکات و دەڵێت دەست دەکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "پێمان خۆشە دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنێک بکەین ئەگەر بیانەوێت و ئەگەریش نەیانەوێت ئەوا هەر ئاساییە."

ئێران کاردانەوەیەکی توندی هەبوو بەرامبەر ئەو سزایانەی سەپێندرانە سەر ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی و دەڵێت بە تەواوەتی هەموو بوارێکی دیپلۆماسیانەی لەگەڵ ئەمریکادا داخست.

خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەمریکییەکە و دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوروپاییەکانیشی خستۆتە ڕەوشێکی قورسەوە.

میوانی بەرنامە:
جەعفەر حامیدی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی.

ئەڵمانیا دەڵێت نیگەرانییەکی زۆری هەیە لەسەر پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە و درێژە دەدات بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسیانە.

فەڕەنسا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات تا هێور ببنەوە و دانوستاندن دەستپێبکرێت.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "ئێران دەتوانێت چیی دەوێت بیکات، زۆر ئاساییە، من کاتێکی زۆرم بەدەستەوەیە، بەڵام ئەوان وڵاتێکیان هەیە لە ڕەوشێکی خراپی ئابوریدا، ئێستا لە کارەساتێکی ئابوریدایە، جا دەتوانن بە خێرایی ئەو ڕەوشە چارەسەر بکەن یا دەتوانن دە ساڵی تر بیکەن، هەرچییەک دەکەن بەلای منەوە زۆر ئاساییە، جا هەرچییەک دەکەن. کاتی زۆر زۆرم بە دەستەوەیە، من لێرە دانیشتووم و کاتم زۆرە. هاوکات ئەم سزایانە زۆر قورسن و ئەوانیش دەبێت لەگەڵیدا بژین یان ئەوەتا بڕیاری دروست بۆ خەڵکەکەی بدەن، لەوبڕوایەدام کێشەکە لەوەدایە کە ڕێبەرانی ئێران گوێ بە خەڵکی خۆیان نادەن، خۆ ئەگەر گوێی پێبدەن ئەو ڕێککەوتنەکە دەکەن، ئەگەریش نەیکەن ئەوا یانی هەر تەنها گوێ بە خۆیان دەدەن، ئەگەر وەهاش بکەن ئەوا خۆپەرست و گەمژەن."

سەرۆک ترامپ ئاماژەشی بەوە کردووە ئەگەر شەڕی ئێران ڕووبدات ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا کۆتاییپێدێت، بەڵام موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرداوەک وەڵامێک بۆ سەرۆک ترامپ دەنوسێت "شەڕی کورتخایەن لەگەڵ ئێراندا خەیاڵە."

ئایا دەستکردنەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم دادی ئێران دەدات؟

ئایا بڕیاری ئێران بۆ دابڕانی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکادا چی دەگەیەنێت؟

ئایا ئۆپزسیۆنەکانی ئێران دەگەن بەوەی بەرنامەیەکیان بۆ ئایندەی وڵاتەکەیان هەبێت؟

جەعفەر حامیدی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:57 0:00

XS
SM
MD
LG