Accessibility links

هۆنگ کۆنگ ئەو یاسایە ڕادەگرێت کە ناڕەزاییەکی زۆری لێ کەوتۆتەوە


حکومەتی هۆنگکۆنگ یاسای دانەوەدەستی ڕاگرت کە بوو بەهۆی چەندین خۆپیشاندانی گەورە.

بەرپرسی گشتی هۆنگ کۆنگ کاریی لام ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند حکومەت هیچ کارێک بەو یاسایە ناکات هەتا لەگەڵ چەندین لایەنی جیاوازدا تاوتوێی نەکات.

یاسای دانەوەدەست ڕێگە دەدات تاوانبارە گومانبارەکان ڕەوانەی خاکی چین بکرێن بۆ دادگایی کردن. ئەو یاسایەی دانەوەدەست بە چین وا لێکدەدرێتەوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو جیاوازی لە نێوان سیستمی یاساییدا دروست دەکات، کاردەکاتە سەر گروپە کاردارییە نێونەتەوەییەکانی هۆنگ کۆنگ و کۆمەڵگای یاسایی و ئەو پارتانەی سەر بە دیموکراسین.

سەدان هەزار خۆپیشاندەر ڕۆژی چوارشەممە ڕژانە سەر شەقامەکان لەو دەمەی کە بڕیاربوو پەرلەمانی هۆنگ کۆنگ تاوتوێی ئەو یاسا پێشنیازکراوە بکات.

خۆپیشاندانەکانی کە بوون بە مایەی توندوتیژی و پێکدادان لەگەڵ پۆلیسدا خۆپیشاندانەکانی دیموکراسی ساڵی 2014 ی وەبیرهێنایەوە کە بەهێز تر و توڕەیی زیاتری پێوە دیاربوو.

پێشنیازی ئەم گۆڕانکارییانە لە یاسای هۆنگ کۆنگدا بوون بەهۆی ڕەخنەی کۆمەڵگای نێونەتەوەی لە ناویاندا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش. ڕۆژی پێنجشەممە چین وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تاوانبار کرد بەوەی دەستدەخاتە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیوە. بێژینگ خۆپیشاندانە گەورەکەی هۆنگ کۆنگ کە بە شێوەیەکی گشتی بە ئاشتیانە بوو بە ئاژاوە لە قەڵەمدا و خۆپیشاندەرانی بە ئەنجامدانی توندوتیژی تاوانبار کرد.

هۆنگ کۆنگ کە کۆڵۆنی پێشوی بەریتانیا بوو، دەسەڵاتی ئەتۆنۆمی 50 ساڵی پێدرابوو پاش ئەوەی لە ساڵێ 1997 بگێڕدێتەوە بۆ سەروەری چین. بەڵام زۆرێک لە خەڵکی لە هۆنگ کۆنگ نیگەرانی ئەوەیان هەیە هێواش هێواش خەریکە سەرپێچی لەو مافانەیان دەکرێت و زیاتر کۆنترۆڵ دەکرێن.

XS
SM
MD
LG