Accessibility links

شای عەرەبستانی سعودیە هێرشی زارەکی توند دەکاتە سەر ئێران


شا سەلمانی عەرەبستانی سعودیە هێرشی زارەکی کردە سەر ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییانەی کە بەرژەوەندی شانشینەکەی تێدا کردبوو بە ئامانج. لە میانەی کۆبونەوەیەکی ڕێبەرانی وڵاتانی ئیسلامی لە مەککە ناوبراو ڕووداوەکانی بە کاری تیرۆرستی ناودێر کرد و گوتی هەڕەشەن بۆ سەر کەرەستەی وزەی جیهانی.

لەوەتای چەند هەفتەی ڕابوردۆوە کە ئەم کێشەیە لە نێوان هەردوو وڵاتی نەیار لە هەرێمەکە زیادی کردووە ئەم وتانەی شا شەلمان توندترین بوون دژ بە ئێران. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەشتی فڕۆکەهەڵگر و بۆمبهاوێژی B-52 ی ناردۆتە هەرێمەکە بۆ چاودێریکردنی هەڕەشەکانی ئێران لە کاتێکدا ئاستی ناکۆکییەکان هەتا دێن بەرزتر دەبنەوە.

کێشەکان لەو کاتەوە دەستیانپێکردەوە کە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بڕیاری دا لە ڕێککەوتنی ناوکی وڵاتانی زلهێزی جیهان لەگەڵ تاران بکشێتەوە و سزای توندی ئابوری بخاتەوە سەر ئێران.

لە میانەی کۆبونەوەی ڕێبەرانی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کە بریتییە لە 57 وڵات و ناسراوە بە OIC و ئێستا لە شاری مەککەی پیرۆزی موسوڵمانان کۆبونەتەوە، شا سەلمان کۆبونەوەکەی بە لێدوانێک دەستپێکرد و گوتی پێویستە جیهان شەڕی دژ بە سەرچاوەکانی دارایی تیرۆرسم لە سەرانسەری جیهاندا بکات.

پاشان گوتی گوایە تێکشکانی 4 تانکەری نەوت لە کەناری میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوو گوزارشت لە " مەترسییەکی گەورە" دەکات بۆ سەر ئاسایشی هاتوچۆیی دەریایی و ئاسایشی هەرێمی.

ئەو چەکدارە تیرۆرستەکانی سەر بە ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو ڕووداوە تاوانبار کرد.

ئێران کە نوێنەری بۆ لوتکەیی OIC لە مەککە ناردووە، نکوڵی لەوە دەکات دەستی هەبووبێت لەو ڕووداوانە.

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی بەر لە کۆبونەوەکە پەیامی خۆی بۆ ڕێبەرانی OIC نارد و داوایان لێ دەکات تیشک بخەنە سەر مافەکانی فەلەستینییەکان.

لە نامەیەکدا کە ڕۆژی هەینی بڵاو کرایەوە حەسەن ڕۆحانی دەڵێت ڕێبەرانی موسوڵمان نابێت ڕێگە بدەن گرنگی دەوڵەتی فەلەستینی لەبەردەم پلانی داهاتووی ئاشتی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە پەراوێز بخرێت.

ڕۆحانی هەروەها ڕەخنەشی گرت لەسەر ئەوەی بانگهێشت نەکراوە بۆ لوتکەیی ئیسلامی بەڵام ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ هەمو ڕێبەرانی موسوڵماندا کار بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێککەوتنی کۆشکی سپی ناوی لێناوە " ڕێککەوتنی سەدە"

ئاماژەکان وا دەریدەخەن ئەو پلانەی کە هێشتا ئاشکرانەکراوە بریتیبێت لە لەپەراوێزنان یان پشتگوێخستنی ئامانجی لەمێژینەی سەربەخۆیی فەلەستینییەکان. مانگی داهاتوو لە کۆبونەوەیەکدا لە بەحرەین تاوتوێی ئابوری ئەو پلانە دەکرێت کە ڕێبەرایەتی فەلەستینییەکان بایکۆتی کردووە، بەڵام عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ئامادە دەبن بە هیوای گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرامبەر دوژمنی هاوبەشیان ئێران.

شا سەلمان بە ڕێبەرانی OIC گوت مافەکانی فەلەستینییەکان بابەتی بنچینەیی ڕێکخراوەکەیە کە 50 ساڵ لەمەوبەر بەمەبەستی وەڵامدانەوەی گڕبەردان لە مزگەوتی ئەلئەقسا لە ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم کە یەکێکە لە شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلام، دامەزرا. ئەو گوتیشی ئەو مزگەوتە هێشتا داگیرکراوەو لەژێر هەڕەشەدایە.

هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو گوتی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی کە بریتی نەبێت لە سەربەخۆی و سەروەری فەلەستینییەکان بە سنوری پێش 1967 وە لەگەڵ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم ببێت بە پایتەختەکەی لەلایەن ڕێکخراوی OIC وە ڕەت دەکرێتەوە.

چاوشئۆغڵو گوتی "نابێت ئێمە ڕێگە بدەین جارێکی تر مێژوو بنوسرێتەوە، دادپەروەری بگۆڕێت بە بەرژەوەندی ئابوری و شکاندنی کەرامەت و ڕەوایەتی".

ئەم لوتکەییە دوابەدوای دوو کۆبونەوەی بەپەلەی وڵاتانی عەرەب ئەنجام درا کە تیایدا ڕەخنە لە ڕەفتارەکانی ئێران و هەژمونی ئێران لە وڵاتانی وەکو سوریا، عێراق و لوبنان گیرا.

XS
SM
MD
LG