Accessibility links

ئەردۆگان ئەمەریکا و ئەوروپا بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتەکەی تاوانبار دەکات


ڕۆژی هەینی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپای تاونبارکرد بە دەستێوەردان لە کاروباری تورکیادا، پاش بەیاننامەیەکی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوای لەسەر گومانەکانی پارتەکەی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە خۆجەهیەکان.

ئەردۆگان و ئاکەپە ناڕازین لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ڕۆژی یەکشەممە کە ئەنجامەکان دەریدەخەن پارتەکەی ئانکەرەی پایتەختی لەدەستداوە و بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە ئەستەنبوڵی گەورەترین شاری وڵاتەکە دۆڕاوە.

لە کاتێکدا ئەمەریکا داوای لە تورکیا کردووە ئەنجامەکان پەسەند بکات، یەكێتی ئەورپاش داوا لە ئانکەرە دەکات ڕێگە بدات کاربەدەستە هەڵبژێردراوەکان بە ئازادانە کاری خۆیان بکەن.

بەڵام ئەردۆگان ئەو داوایانەی ڕەتکردۆتەوە و بە ئەمەریکا و ئەوروپا دەڵێت " سنوری خۆتان بزانن".

لە یەکەم لێدوانیدا لە پاش هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەوە ئەردۆگان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند " ئەمەریکا و ئەوروپا دەستدەخەنە نێو کاروباری تورکیاوە". ئەو گوتیشی " تورکیا وانەی دیموکراسی بە هەمو جیهان گوتۆتەوە."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆبەرت پالادینۆ ڕایگەیاند " هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا بۆ هەر دیموکراسییەک گرنگە، و ئەمەش بریتیە لە پەسەند کردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی باوەڕپێکراو".

هاوکات پارتی دیموکراتی گەلانی سەر بە کوردەکان کە بە هەدەپە ناسراوە، دەڵێت هیچ کام لە داواکارییەکانی بۆ پێداچوونەوەی دەنگەکان پەسەند نەکراون تەنانەت لەو شوێنانەش کە کاندیداکانی تەنها بە چند دەنگێکی کەم دۆڕاون.

هەدەپە پشتیوانی لە جەهەپە کرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر "ڕێبازە توندەکانی" حکومەت بەرامبەر بە شارە زۆرینە کوردەکان.

XS
SM
MD
LG