Accessibility links

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لە گرفتەکانی پاش داعش لە وڵاتەکەیدا دەکات


لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دۆسێی تیرۆرسم لە وڵاتەکەیدا دەڵێت قۆناغێکی نوێی ئەم شەڕە لە عێراقدا دەستیپێکردووە.

محەمەد ئەلحەلبوسی دەڵێت "سەختییەکان گەورەن لە قۆناغی پاش داعشدا، بۆ نمونە ئەو سەختییانەی لە دۆسێ ئاسایشیەکاندا هەن بەهۆی هەبوونی شانە نوستوەکانی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە و جموجۆڵەکانی لە ناوچە بیابانیەکانی وڵاتەکە و هەروەهاش لە هەندێک لە ناوچە سنوریەکاندا، ئەمەش وەها دەکات کە هاوکاری نێوان عێراق و دۆستەکانی عێراق بەردەوام بێت بۆ دابین کردنی زانیارییە هەواڵگریەکان بۆ هێزە ئاسایشیەکانمان بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستیە، ئەمە بێ لە کۆمەک کردنی تری وەک مەشق و ڕاهێنان پێکردنی لەشکری و پشتیوانکردنی لۆژیکی و تەکنیکی".

لە درێژەی دیمانەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "سەختی تریش زۆرن کە پەیوەندییان بە دۆسێکانی ئاوەدانکردنەوە و گێڕانەوەی سەقامگیری و چاکردنەوەی هێرخانی ئەو شار و ناوچانەی لە تێرۆریزم ڕزگارکران، ئەمەش دیسان پێویستی بە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەیە تا هاووڵاتیان و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. دۆسێی ئابوری یەکێکە لەو دۆسێیانەی لێرە لە واشنتۆن باسمان کرد، باسکردنی چۆنیەتی هاوکاری نێوان عێراق و ئەمریکا لەڕێی کۆمپانیا متمانە پێکراوەکانی ئەمریکاییەوە لە زۆر بواردا، وەک وزە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کشت و کاڵ و هەتادوایی."

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەکەدا دەڵێت " 250 داعش لە سوریاوە دراونەتە دەست عێراق، ئەمە بەس چەکدارە بیانییەکانن بەبێ ئەوانەی پێشتر بە دەستی هێزە عێراقییەکان گیراون لە ساڵی 2014 ەوە، گیراویش هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ سەروەختی ئەلقاعیدەی پێش داعش، ئەمانیش ژمارەکەیان کەم نییە و کاری تێرۆریستیشیان ئەنجامداوە لەناو عێراقدا و ئێستاش بە یاسای عێراقی دادگایی دەکرێن. کێشەمان هەیە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سوریان یان لەسەر سنورەکانن، وەک دەزانیت بەپێی یاسای عێراقی هەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر عێراق و هاوڵاتیانیش ئەوا بەپێی یاسای عێراقی دادگایی دەکرێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ڕەگەزنامەکەی چییە، یاسای عێراقی دەیگرێتەوە ئەگەر هاتبێت و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زیانی لە گەلی عێراق دابێت. هێشتاش چەکدار هەن لە دەرەوەی سنوری عێراقن و نازانین ئایا دەستی لە خراپەکاریدا هەبووە لەناو عێراقدا یان نا، بۆ ئەمەش ڕێککەوتن و ڕێوشوێنی نێونەتەوەیی هەن بۆ چۆنیەتی سەروسەوداکردن لەگەڵیاندا. "

دوواتر تەواوی دیمانکە لەسەر ماڵپەڕی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ببینن

XS
SM
MD
LG