هێزەکانی کە ئەمەریکا پشتیوانیان دەکات لە شەڕەکانی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی شەممە لە دوو بەرەوە بەرەو پێش دەڕۆن. گوتەبێژێکی ئەو هێزانە دەڵێت تیرۆرستان سێرەگر و مینی چێنراو بەکار دەهێنن بۆ خاوکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر دووا مۆڵگەکەیان.
مستەفا بالی گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تویتێکدا ڕایگەیاند " شەڕێکی قورس لە ناوچەی کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورتا بەڕێوەدەچێت."
زانا ئەحمەدی سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتدی گوتووە هێزی زەمینی چالاک بەرەو ناوچەکانی ژێ دەستی داعش پێشڕەوی دەکەن لە کاتێکدا توندڕەوەکان بە گوللەی سێرەگر و مینیچێنراو ڕێگەیان لێ دەگرن.
نزیکەی نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە دوو هەلیکۆپتەری هێزی هاوپەیمان بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا بەئاسمانی ئەو ناوچەیەوە بینراون کە شەڕەکەی لێیە. پاشان دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بیستراوە لە دوورەوە و دووکەڵێکی ڕەشیش بەسەر ناوچەکەوە بینراوە کە بەوە دەچێت هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان بوبێت.
هێزەکانی سوریای دیموکرات ئێوارەی ڕۆژی هەینی دەستیان کردەوە بە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ ڕزگارکردنی دووا مۆڵگەی داعش لە پارێزگای دێرئەلزور پاش ئەوەی هەزاران خەڵکی سڤیلی بارمتەی دەستی داعشیان ڕزگار کرد کە لەو ناوچە گەمارۆدراوەدا گیریان خواردبوو.