Accessibility links

کۆنفرانسی وارشۆ لە دیدی سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە


وێنەیەک لە کۆنفرانسی وارشۆ
وێنەیەک لە کۆنفرانسی وارشۆ

لە نێوەندی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریادا، لە وارشۆ کۆنفرانسێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت و ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات.

لە بنەڕەتدا وەک دەگوترێت ئەم کۆنفرانسەی وارشۆ بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە پاش کشانەوەی ئەمریکا، بەڵام شیکەرەوە سورن لەسەر ئەوەی زیاتر دۆسێی ئێران باڵی کێشاوە بەسەر کۆنفرانسەکەدا و ئەمریکا هەوڵەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و قورس کردنی زیاتری فشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

جەعفەر حامیدی، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت لەو بڕوایەدایە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا هیچ کۆنفرانسێک هێندەی ئەم کۆنفرانسەی وارشۆ گرنگ و سەرکەتوو نەبووە، و دەشڵێت " لە بارێکەوە کۆنفرانسێکی ئاکتیڤ بوو، لە بارێکیشەوە هاو ئاهەنگییەکی باش کراوە لەگەڵ وڵاتی ئەمریکادا، لەگەڵ ئەمانەشدا لە ماوەیەکی کورتدا بڕیار لە کردنی ئەم کۆنفرانسە دراوە و کۆنفرانسەکەش کرا و بەشداربووانیش هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە پێش بە ئێران بگیرێت."

بە ڕوانینی موستەفا شڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆنفرانسی وارشۆ سنوری خواستەکانی پێشووی ئەمریکا تێنانپەڕێنێت کە بریتیە لە گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەڕێز شڵماشی دەڵێت " بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، فشار و سزای زیاتر سەپاندن بەسەر ئێراندا کاریگەریی باشی هەیە بەسەر خەباتی گەلانی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی."

بۆ زۆرێکیش لە سیاسەتمەدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنفرانسی وارشۆ و بڕیارە سیاسی و ئاسایشییەکانی زلهێزەکانی جیهان بەشێکە لەو ململانێیانەی هەن لەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست.

ڕەزا کەعبی، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت " ئەم شەڕەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە لە ڕاستیدا بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەمریکاش توانیویەتی خاڵی لاوازی نەیارانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاریبکات کە کۆماری ئیسلامی ئێرانە."

لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆنفرانسی وارشۆ زیاتر لەسەر ئێران بوو بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو هیچ لایەنێکی ئۆپزسیۆن لە ئێراندا، تەنانەت وەک چاودێریش بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسە نەکرابوون.

ڕەزا کەعبی دەڵێت جیاوازی گەورە لە نێوان ئۆپزسیۆنی ئێرانی و ئۆپزسیۆنی کوردیدا هەیە لەو ڕوانگەیەوەی ئۆپزسیۆنی کوردی ئامادەترە بۆ هەر گۆڕانکارییەک. بەڵام جەعفەر حامیدی لەوبڕوایەدا لایەنەکانی ئۆپزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمتەرخەمییان هەبووە و وەک دەڵێت " هەق ئەوە نەبوو خۆشەویستانی ئەحزابی کوردی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆخۆیان ئاوەها چاوەڕان بکەن تا بانگهێشت بکرێن، دەبوو لەگەڵیان دابنیشن، نوێنەرایەتییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دابنیشن، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا دابنیشن و بە شێوەیەک خۆیان بگەیەننە ئەو شوێنە."

لە ئێستادا ئەمریکا ژمارەیەک سزای قورسی سەپاندۆتە سەر ئێران و کاریگەریی ئەو سزایانەش دەرکەوتوون و هەروادێ و شەپۆلەکانی ناڕەزایی دەربڕین لە ئێراندا زیاتر پەرە دەسەنن.

لەسەر بنچینەی وتوێژەکانی لەگەڵجەعفەر حامیدی، نوسەر و لێکۆڵەر، موستەفا شڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕەزا کەعبی، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:29 0:00

XS
SM
MD
LG