Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ڕۆزا حوسەین


ڕۆزا حوسەین

شیعر هەمیشە ئەو هەستە باڵایەیە لە شاڕێگەکانی نێوان قسەکردن و بێدەنگیدا بە ئارامی هەنگاودەنێت و دەبێتە میوانێکی هەمیشە ئازیزی ڕامانمان لە وێنە جوانەکان و لە موزیکە ناوازەکەی.

ئەوەش کە وەهای کردووە ئەم ژانرە فەرهەنگییەمان درێژە بە ژیانی خۆی بدات ئەوەیە کە خۆی نابەستێتەوە بە هیچ یەکێک لەو کۆت و بەندانەی ناویان لێنراوە یاسا و ڕێساکانی شیعر، هەمیشە وەک یاخییەک ڕەفتار دەکات و کۆت و بەندەکانی خۆی دەشکێنێت و خۆی نۆژەن دەکاتەوە و داهێنانی نوێ دەخاتە سەر خەرمانی مێژووی خۆی و هەرگیزیش ڕێگەنادات لە چوارچێوەی یەک پێناسەدا قەتیس بکرێت.

ناشبێت ئەوەشمان بیربچێت کە شیعر سنور ناناسێت، بە ئاسانی دەتوانێت لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئەوپەڕی ڕۆژئاوا سنورەکان تێبپەڕێنێت و ئاشنایەتییەکی تۆکمەش لەنێوان شارستانییەکاندا دروستبکات، نە هەر ئەوەندە بەڵکو مێژووش ناناسێت و خوێنەرانی ڕاستەقینەی شیعر چێژ لەو شیعرانەش دەبینن کە سەدان ساڵ لەمەوبەر نوسراون و دەشبنە جێی سەرنجی قوڵیان.

من قەرەجم... بێ ووڵاتم
ڕۆژێک لەگەڵ سۆزی ئاگر
شێتانە سەمادەکەم
زرنگەی پاوانەکانم
گەردوون پڕئەکا لە تاوان
ڕۆژێکی تر ئۆکردیۆنێک لە قۆڵەکانم گیردەکەم
بەشاراندا دێم و دەڕۆم
سەرقاڵی ژەنینی میلۆدی قریشکەی نەورەسەکانم.

ڕۆزا حوسەین، ئەو شاعیرەیە بۆخۆم درەنگ وەک شاعیرێک ناسیم، پێشتر وەک چالاکوانێکی میدیایی و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان ناسیبوم و چەند بەرنامە و وتووێژیشم کردووە لەگەڵ ئەم خانمەدا، تا چەند مانگێک لەمەوبەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بە ڕێکەوت چەند وێنەیەکی شیعریم بینی کە ڕۆزا پۆستی کردبوون، وێنە شیعرییەکان سەرنجیان ڕاکێشام، لێم پرسی ئەوانە شیعری خۆتن؟
- نەمزانیبوو شیعریش دەنوسیت؟

_بەڵێ دەنوسم، بەڵام وەک تاقیکردنەوەیە و بۆخۆم دەنوسم و پۆستیان دەکەم تا بزانم کاردانەوەکان چۆن دەبن.

هەرچۆنێک بێت بەردەوام سەیری ئەژمارەکەی ڕۆزام دەکرد و ناوبەناو شیعرێک یان چەند وێنەیەکی شیعریی پۆست دەکرد و لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکدا دەگەیشتمە ئەو بڕوایەی، نا ئەم شیعرانە هەر تەنها بۆ ئەوە نەنوسراون وەک تاقیکردنەوەیەکی سادە لێیان بڕوانرێت یان هەر ئەوە بن بگوترێت "بۆ خۆمم نوسیون"

من کچی ووڵاتی چاوەڕوانیم
لە نیشتمانی من
کچەکان لە چاوەڕوانی گوڵێکی سوردا
پرچی سپی دەهۆننەوە....

ڕۆزا، شاعیرێکە لە ڕووبەرەکانی ئاگاهییەوە، هەست دەنوسێتەوە و لەگەڵ نەستی ئێمەی خوێنەردا دەروازەکانی دیالۆگێکی گەورە دەکاتەوە و شیعر دەکەوێتە ئاخاوتن و پێمان دەڵێت وەرن با بە ژمارەیەک پرسیاری نوێوە کە لە هێزی شیعرەوە سەرچاوە دەگرن لە گومانەکانی بوون و دێڕە پەنهانەکانی مان و نەمان بڕوانین.

ڕۆژێک دەگەڕێمەوە
پێنج فەرزەی منداڵیم بەقەزا دەگێرمەوە
شەبەقی لەخەوهەڵدەستم
لەژێر دارتوەکەدا جۆلانە دەکەم
تا بە چاوەکانی خۆم دووبارە دەبینم
زەوی بەدەوری مندا دەسوڕێتەوە.

نیوەڕۆ بە توێکڵە گوێزێک
ڕەنگی لیوەکانم ئاڵ دەکەم
جا چیە با بەیانی
وەک خاکێکی بێ باران
شەقار شەقار بێت.

دوانیوەڕۆ تا ئاستی شەکەتبوون
بە پایسکیلەکەی براکەم
بە شەقامەکانی شاردا دەگەڕێم
جارجاریش دەست لە سوکانەکە بەردەدەم
بەبەرچاوی عەیبەوە فیکەیەک دەکێشم.

ئێوارە بە دیار «ساندیبێڵ» ەوە
تا کۆتایی دادەنیشم
بەجەهەننەم....
با چێشتەکە هەر ساردبێتەوە.

شەو لەجێی گوێگرتن
لە داستانی «پاڵەوانێتیەکانی» مامم
ئەوەندە دەفتەر ڕەسمەکەم ڕەنگ دەکەم
تا قەڵەمبۆیەکانم تاقیان نامێنێت
تا دوالاپەڕەی سپی هەڵدەدەمەوە.

ڕۆژێک دەگەرێمەوە
پێنچ فەرزەی منداڵیم بەقەزا دەگێڕمەوە

من بۆخۆم ئاوەهام ئەو ساتانەی هەوڵی خوێندنەوەی دەقێک دەدەم دەشێت یەکەم شت کە بمەوێت بیزانم ئەوەبێت؛ ئایا ئەو تێکستە دەخوازێت خۆیم بۆ ڕاڤە بکات؟! یان تێکستەکە پێم دەڵێت تاوێک بە دیارمەوە دابنیشە با بکەوینە ئاخاوتن تا بگەینە لێکتێگەیشتن.

لە میهرەبانی هەنارەوە فێربە
سەیری چۆن پەنجەیەکم بەریدەکەوێت
هەموو دەنکەکانی خۆی قوربانی دەکات

لە دڵنەرمی ئاوەوە فێربە
کاتێ کە ئاوێزانی
دڵرەقی تاشەبەردەکان دەبێت

لە بەخشندەیی ئاسمانەوە فێربە
دەبینیت چەند دڵگەورانە
باران دەبەخشێت بە زەوی

لە توڕەیی دەریاوە فێربە
دوای هەر توڕەبوونێک
شەپۆلەکانی دەگرێتەوە باوەش

خۆشەویستی لە دایکەوە فێربە
سەیری چەند بێمەرج
تا ئەبەد خۆشی دەوێین

ئه‌و کاته‌ تۆ هه‌ست به‌ شیعری داهێنه‌رانه‌ ده‌که‌یت که‌ پاش خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ چه‌ند ساتێک له‌ژێر سرووتی ئه‌و شیعره‌دا بژیت، بتکاته‌ به‌شێکی دانه‌بڕاو له‌ ململانێکانی ژیان له‌گه‌ڵ بووندا، بتکاته‌ به‌شێک له‌ گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی سه‌رده‌مدا، ئه‌فسانه‌کانت بێنێته‌وه‌ یاد و به‌روارده‌ گه‌وره‌کانت بۆ بکات و شه‌ڕی کۆن و نوێت بۆ هه‌ڵگیرسێنێت و یاریه‌کی به‌رده‌وامیش بێت له‌ نێو بواره‌ ڕۆشنبیریه‌کاندا و به‌ زمانی ئه‌مڕۆوه‌ سه‌نگه‌ر له‌ ڕه‌وشه‌ باوه‌کان بگرێت تا ئه‌و کاته‌ی ملیان پێده‌دات هه‌ر به‌ گژیاندا بچێته‌وه.‌

ئایا دەشێت شاعیر لە نوسینی دەقێکی شیعریدا خۆی، خوی سانسۆر بکات؟

ئایا شیعر دەتوانێت پەیوەندییەکانی خۆی لە نێوان ئەمڕۆ و سبەینێ و دیار و نادیاردا بدۆزێتەوە؟

بۆچی گرنگە شاعیر دنیابینییەکی جیاوازی هەبێت لە خوێنەرانی؟

ئایا دەکرێت بگوترێت شیعری کوردی توانیویەتی دەربڕبێت بۆ ڕۆشنبیری جا لە هەر قۆناغێکدا بێت؟

ئایا هێشتا شیعر لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنها ژانرێکە بتوانێت مرۆڤ بنوسێتەوە؟

ڕۆزا حوسەین، شاعیر، لە بەرنامەی ژیان لەفەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:15 0:00

XS
SM
MD
LG