Accessibility links

منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان لە گرتووخانەی ئەمەریکا گیان لەدەست دەدات


منداڵێکی تری گواتیمالا گیانی لەدەست دا لەکاتێکدا لە ژێردەستی پاسەوانانی سنوری ئەمەریکادا بوو.

فلیپێ گۆمێز ئەلۆنزۆی تەمەن هەشت ساڵان پاش نیوەشەوی جەژنی کرسمس گیانی لەدەست دا لە هەمان ڕۆژی کە کچێکی تەمەن حەوت ساڵان لە گوندە هەژارەکەی خۆی لە گواتیمالا بەخاک سپێردرا.

خزمەتگوزاری گومرک و پاسەوانی سنوری ئەمەریکا دەڵێت لە کاتێکدا ئەو کوڕە و ئەگوستن گۆمێزی باوکی ڕۆژی دووشەممە لە گرتووخانەکە بوون، کارمەندەکان بینیان لەوە دەچوو منداڵەکە نەخۆش بێت.

پزشکان لە نەخۆشخانەیەکی ئەلامۆگرۆدۆ، نیومەکسیکۆ گوتیان فلیپێ تاولەرزی هەیە و دەرمانیان بۆ نوسی و لە نەخۆشخانە دەریانکرد.

پاشان منداڵەکە لە شەوی دووشەممە توشی دڵتێکچوون و ڕشانەوە بوو. برایەوە بۆ نەخۆشخانە و ماوەیەکی کورت پاش نیوەشەو لەوێ گیانی لەدەست دا.

هۆکاری مردنی ئەو منداڵە نادیارە. پاسەوانانی سنوور پەیمانیان داوە پێداچوونەوەیەکی سەربەخۆو ورد بکەن. هەروەها وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی و حکومەتی گواتیمالاش ئاگادار کراونەتەوە.

هاوکات لە گوندێکی بچووکی سانئەنتۆنیۆ سیکۆرتزی گواتیمالا مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی جاکلین کال بەڕێوەچوو.

جاکلین لە 8ی مانگی 12 لە نێوەندی گرتووخانەی پاسەوانی سنوری ئەمەریکا گیانی لەدەست دا. جاکلین و باوکی نێری کال لەگەڵ کاروانی پەنابەرانی ئەمەریکای ناوەڕاست سنووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایان بەزاند.

لە کاتێکدا دەوروبەری کاسکێتەکەی بە گوڵ و بالۆنی سپی گیرابوو پەیامێکش لەسەر کاسکێتەکەی بۆ سەرۆکی گواتیمالا جیمی مۆرالیس نوسرابوو " ئێمە داوای کار، کارەبا، ئاوای خواردنەوەو ڕێگاکان دەکەین، بۆ ئەوەی پێویست نەکات کۆچ بکەین."

نێری کال هاتە ناو ئەمەریکاوە بەو هیوایەی کار بدۆزێتەوە کە لە زۆربەی گواتیمالا دەست ناکەوێت.

هەتا ئێستا ڕوون نییە کە جاکلین چۆن نەخۆش کەوتبوو.

وا دیارە هەر کە لە شەشی مانگ هاتۆتە ناو ئەمەریکاوە و دەستگیرکراوە نەخۆش بووە. لە ناو پاسەکە بەرەو نێوەندەکەی پاسەوانانی سنور تایەکەی زۆر بەرز بوو. تیمەکانی بە هاناچوون گەیاندیانە نەخۆشخانەی ئیل پاسۆی تێکساس کە لەوێ پاش دوو ڕۆژ گیانی لە دەست دا. مێشکی ئاوسا بوو و جگەری لە کارکردن کەوت. کاربەدەستانی ئەمەریکایی دەڵێن لەوە دەچوو منداڵەکە کەمی خواردبێت و خواردبێتەوە بەر لەوەی بگاتە ئەمەریکا.

ڕەخنەگرانی ڕێبازی کۆچبەری ئەمەریکا ئاماژە بە مردنی مندالان وەکو نمونەی مامەڵەکردنی خراپت لەگەڵ کۆچبەراندا دەکەن کاتێک دێنە ناو سنوری ئەمەریکاوە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند " بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بە مەبەست و بە شێوەیەکی نایاسایی ڕێگەدەگرێت لەوانەی دێنە ناو ئەمەریکاوە و پرۆسەی ناونوسی کردنیش بۆ ئەو کەسانەی هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی دەدەن خاو دەکاتەوە، ئەمەش وا دەکات خێزانەکان هەنگاوی ناچاری بنێنن بۆ بەدەستهێنای پاناپارێزی."

سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڵێت پێشوازی لە هەمو کۆچبەران دەکرێت بۆ ناو ئەمەریکا بەڵام دەبێت بە یاسایی بێنە ناو وڵاتەکەوە.

XS
SM
MD
LG