Accessibility links

ئەندرۆ ئەپۆستۆلۆ: بڕیارەکەی ترامپ بۆ کشانەوە لە سوریا وەک دیارییەکە بۆ ئێران


ئەندرۆ ئەپۆستۆلۆ
ئەندرۆ ئەپۆستۆلۆ

لە واشنتۆنی پایتەخت دید و بۆچوونی جیاواز هەن لەسەر بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوە لە سوریا.

هەندێک لە گەورە کاربەدەستانی بەڕێوبەرایەتی دەڵێن دانۆڵد ترامپ هەر خۆی و بەبێ پرسوڕا کردن ئەو بڕیارەی داوە و هەر بۆیەشە وەزیری بەرگری ئەمریکا نامەی دەست لە کارکێشانەوی خستۆتە بەردەم بەڕێوبەرایەتی.

بەشێکی کاربەدەستانیش جەخت دەکەنەوە لەوەی سەرۆک ترامپ پرس و ڕاوێژی لەگەڵ کاربەدەستانی بەڕێوبەرایەتیدا کردووە و ئەوجا بڕیارەکەی داوە.

بەڵام هەردوو بەرەکە نکوڵی ناکەن لەوەی ئەمریکا توانیویەتی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت بەسەر تێرۆریزمدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە عێراق و لە سوریادا.

هەرچۆنێک بێت بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێر کشانەوەی ئەو هێزەی ئەمریکا لە سوریا کاریگەری دەبێت بەسەر شەڕی دژی داعشەوە.

ئەندرۆ ئەپۆستۆلۆ، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت "ڕاستییەکە لەوەدایە ئەم وڵاتانە بە ئەمریکاشەوە ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی بە داعش بهێنن، کورد لە ڕۆژئاوا و لە هەرێمی کوردستانیش لە هەموو لایەک باشتر دەزانێت دۆسێی داعش و تێرۆریزم هەر تەنها سەروسەوداکردن نییە لەگەڵ ڕێکخراوێکدا بەڵکو سەروسەوداکردنە لەگەڵ دیاردەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش ساڵانێکی زۆری پێویستە و لەوانەشە دەیان ساڵی بوێت."

بەڕێز ئەپۆستۆلۆ دەڵێت ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ پێدەچیت وەها لە دەوڵەتی تورکیا بکات زیاتر و زیاتر لە دۆخی خۆیدا بچەقێت و کێشەی کورد لەو وڵاتەدا وەک خۆی بمێنێتەوە و چارەسەریش نەکرێت.

ئەندرۆ ئەپۆستۆلۆ ئاماژەش بەوە دەکات کە دەشێت ئەم بڕیارەی دانۆڵد ترامپ هەوڵێکیش بێت بۆ دوورخستنەوەی سەرنجەکان لەسەر کۆشکی سپی بەتایبەتی لە ئێستادا سەرۆکی ئەمریکا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی سیاسی بۆتەوە لەناو ئەمریکادا.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ ئەندرۆ ئەپۆستۆلۆ، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:00 0:00

XS
SM
MD
LG