Accessibility links

دەزگای CIA لەو بڕوایەدایە شازادە محەمەد بن سەلمان فەرمانی کوشتنی خاشقچی داوە


کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕادەگەیەنن CIA لەو بڕوایەدایە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچی لە ئەستەنبوڵ دەرکردووە. ئەم لێکۆڵینەوەیەی CIA هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ ئاڵۆزتر دەکات بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە هاوپەیمانە سەرەکییەی ئەمەریکا.

سەرچاوەکان دەڵێن CIA بەشەکانی تری حکومەتی ئەمەریکای لە شێوازی کوشتنەکە ئاگادار کردۆتەوە لە ناویاندا کۆنگرێسیش، کە ئەمەش جیاوازە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەی عەرەبستانی سعودیە کە گوایە شازادە محەمەد ئاگای لێ نەبووە.

ڕاپۆرتەکەی CIA ، کە سەرەتا لەلایەن ڕۆژنامەی واشنتن پۆستەوە بڵاو کرایەوە، بۆ یەکەم جار فەرمانڕەوای سعودی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە کوشتنی خاشقچی تاوانبار دەکرێت.

باڵیۆزخانەی سعودیە لە واشنتۆن ئەم ڕاگەیاندنەی CIA ڕەتکردۆتەوە.

گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە " ڕاگەیاندنەکانی ئەم نرخاندنانە هەڵەن، ئێمە بەردەوام گوێمان لە تیۆری جۆراوجۆر بووە و دەبێت بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەکی سەرەتایی ببینین بۆ ئەو بۆچوونانە."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس کە لە گەشتێکدایە بۆ پاپوای گینیای نوێ لەوێ بە پەیامنێرانی گوت ناتوانێت هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو زانیارییە نهێنیانە بدات.

مایک پێنس گوتی " کوشتنی جەمال خاشقچی دڕەندەیی بوو. هەروەها بەرەنگاربوونەوەی ڕۆژنامەوانی ئازاد و سەربەخۆ بوو و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سورە لەسەر ئەوەی هەمو ئەو کەسانە بەرپرسیار بکات کە دەستیان هەبووە لەو کوشتنەدا." بەڵام پێنس ئەوەشی گوت کە واشنتۆن دەیەوێت پەیوەندییەکای لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە بپارێزێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ئەم بابەتە لێدوانی نەداوە.

سەرۆک ترامپ و کاربەدەستانی تری بەڕێوەبەرایەتییەکە گوتویانە عەرەبستانی سعودیە دەبێت بەرپرسیار بکرێت ئەگەر بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە کوشتنی خاشقچییەوە هەبێت، بەڵام ئەوان ئاماژەیان بە گرنگی هاوپەیمانێتییەکەشیان کردووە.

کاربەدەستانی ئەمەریکا گوتویانە عەرەبستانی سعودیە، دابینکەری سەرەکی نەوتە، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ڕووبەڕووبونەوەی ڕۆڵی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکەدا، و ترامپ بە بەردەوامی گوتویەتی ناخوازێت فرۆشتنی چەک بەو شانشینە بخاتە مەترسییەوە.

لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە سزای خستە سەر 17 سعودی بەهۆی ڕۆڵیان لە کوشتنی خاشقچی، ژمارەیەکی زۆری یاسادانەران لەو بڕوایەدان پێویستە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵوێستێکی توندتری هەبێت. ئەم نرخاندنەی CIA ڕەنگە ئەو بۆچوونە زیاتر بکات.

خاشقچی ڕەخنەگرێکی عەرەبستانی سعودیە و نوسەری ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕۆژی 2 ی مانگی 10 لە کۆنسۆڵخانەی سعودی لە ئەستەنبوڵی تورکیا کوژرا.

XS
SM
MD
LG