Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران لەژێر زەبری سزا نوێکانی ئەمریکادا


بڕیارە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەیەک سزای تری قورستر لەوانی پێشووی بسەپێنێت بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

ئەم سزایانەی وەها دانراون لە سەرەتای مانگی یازدەدا ڕابگەیەندرێن، پیشەسازی نەوتی ئێران دەگرێتەوە و ئامانجی ئەم سزا نوێیانەش هەر هەمان ئامانجی ئەو سزایانەی ترن کە ئەمریکا سەپاندونییەتە سەر ئێران لە پاش کشانەوەکەی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015.

واشنتۆن دەخوازێت لە ڕێی ئەو سزایانەوە تاران بگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستاندن، هەروەهاش وەک فشارێکیش لێی دەڕوانێت تا ئێران ڕەفتارەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت.

ئەم سزا نوێ چاوەڕوانکراوانە وەهایان کردووە دەسەڵاتدارانی ئێرانی تا ڕۆژی 4 ی مانگی یازدە وەک دوا وادە بۆ ئەوروپاییەکان دابنێن بۆ ئەگەر و نەگەری مانەوەی ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی گەورە کاربەدەستانی بەڕێوبەرایەتی پێشووی ئەمریکا دەیانگوت جیهان پارێزراو تر دەکات لە ڕووی ئاسایشییەوە.
ئێران داوا دەکات ئەوروپاییەکان تا ئەو وادەیە ژمارەیەک ڕێگە بدۆزنەوە و قەرەبووی زیانەکانی ئێران بکاتەوە کە لە ئاکامی سزاکانی ئەمریکاوە لە دارایی و لە ئابوری ئێران کەوتوون، بە مانایەکی تر ئەو ڕێگەیانە بخەنە ڕوو کە دەتوانن بەهۆیەوە بەرەنگاری سزاکانی ئەمریکا ببنەوە، یان ئەوەتا ئێران کشانەوەی خۆی لەو ڕێککەوتنە ڕادەگەیەنێت، تاران دەڵێت دوای ڕۆژی چواری یازدە (ئەو ڕۆژەی بڕیارە سزا نوێیەکانی ئەمریکا ڕابگەیەندرێن)، ئیدی هەر هەوڵێک بدرێت لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە بێسود دەبێت.

میوانی بەرنامە:

هێمن سەیدی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو داوایەی خۆی بە ئاشکرایی و بە ڕاشکاویش لە ئەوروپاییەکان کردووە، وەک عەباس ئەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت "ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە ناوکییە لە خزمەتی باشترین بەرژەوەندی ئێراندا نەبێت، ئەوا مانەوەش لەو ڕێککەوتنەدا هیچ سودێکی نابێت."

سزاکانی ئەمجارەی ئەمریکا بڕبڕەی پشتی ئابوری ئێران دەگرێتەوە، لە مانگی هەشتدا بەپێی سزاکانی ئەمریکا ڕێگە لە ئێران گیرا دۆلاری ئەمریکایی بکڕێت، بازرگانی بە زێڕ و کانزا بەنرخەکانی ترەوە بکات و هەروەهاش سزاکان بواری هاوردە و هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل و پارچەکانی ئۆتۆمبێلیشی گرتەوە.

لەگەڵ هەروادێ و نزیک بوونەوە لە سەپاندنی ئەو سزایانە بەرزی و نزمی وەک جوڵەیەکی بەردەوام لە نرخی نەوتدا دەبینرێت، ئەگەرچی هەندێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان ئەو سزایانە کاریگەرییەکی کاتییان دەبێت بەهۆی بوونی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وڵاتی چین لە ئێراندا.

پێشتر سەرۆکی چین لەسەر ئەم سیاسەتەی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ بەرامبەر ئێران ڕایگەیاندووە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران سیمای خۆپەرستی و ڕوانینی بەرتەسک داخراوە. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دەکرێت وەها لە چین بڕوانرێت کە لە ڕووی بازرگانییەوە لەگەڵ ئێراندا بە پلەی یەکەم دێت.

ئایا سزا نوێیەکانی ئەمریکا هەناردەکردنی نەوتی ئێران سفر دەکاتەوە؟

ئایا بەرەنجامی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر پیشەسازی نەوتی ئێران چی دەبێت؟

ئایا هەروادێ و زیادکردنی فشارەکان، ئێران ناچار دەکات بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیدا؟

ئەگەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران سەرکەوتوو نەبێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چی ڕوودەدات؟

هێمن سەیدی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی،لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:02 0:00

XS
SM
MD
LG